لە گوڵاڵە داعش هێرشیکردە سەر گوندێک
بە بۆمب و دەستڕێژی گوللـە هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتیان
K24 – ههولێر:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 08/07/2019، چەکدارانی داعش ھێرشییان کردە سەر هاووڵاتی و هێزە ئەمنییەکانی گوندی شێخ باوە سەر بە ناحیەی گوڵاڵە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناحیەی گوڵاڵە بەکوردستان24ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەنزیك گوندی شێخ باوە لە نێوان قەزای کەلار و گوڵاڵە، بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگری ھاووڵاتیك تەقیەوەتەوە.
راشیگەیاند، کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، چەکدارانی داعش دەستڕێژی گوللـەیان لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان کردووە و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
پێشتریش لەو ناوچانە، داعش هێرشیکردووەتە سەر هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان، ئەمەش بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر درووستبووە.
H.J