هاووڵاتیان له پێوهری ئاوی ماڵان ناڕازین و دهڵێن زیاد دهخوێنێتهوه
تەنیا هاووڵاتیان زەرەرمەندن و تێبینیان لەسەر کوالێتی و نرخەكەی هەیە
K24 – سلێمانی:
مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ وەک دوایین دەرفەت دراوەتە ئەو هاووڵاتیانەی تا ئێستا پێوەری ئاویان لە ماڵەکانیان نەبەستووە، بەڵام بەشێکی زۆر لەهاووڵاتیان تێبینیان لەسەر پێوەرەکە هەیە و دەڵێن، مانگانە بڕە پارەیەکی خەیاڵیان بۆ دێتەوە و تەنانەت پێوەرەکە هەواش دەخوێنێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگهیاند، لەو پێوەرەی ئێستا، تەنیا هاووڵاتیان زەرەرمەندن و تێبینیان لەسەر کوالێتی و نرخەكەی هەیە.
لە پێناو پاراستنی سامانی ئاو، چەند ساڵێکە وەزارەتی شارەوانی دانانی پێوەری ئاوی بۆ ماڵان خستووهتە بواری جێبەجێکردن، لە دوای مانگی 9 کە دواین دەرفەتە، هەر ماڵێک پێوەرەکە نەبەستێت مانگانە بە 100 هەزار دینار سزا دەدرێ.
تا ئێستا بەشێکی زۆر لەهاووڵاتیان تێبینیان لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی ئاو و کوالێتی پێوەرەکان هەیە کەزیاد دەخوێنێتەوە، بۆیە پێوەرەکەیان نەبەستووە.