شاندی حكوومه‌ت بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبوونه‌وه
له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆده‌بنه‌وه

K24 - بەغدا
كەمێك پێش ئێستا شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت گەیشتە بەغدا و له كۆشكی سه‌لام له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق پێشوازیی له سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا و شانده‌كه له‌گه‌ڵ لەگەڵ ھەرسێ سەرۆكایەتییهكهی عێراق كۆدەبنەوە.
عەمار نەجمەدین، نێردراوی كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "لە سەرەتادا شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كۆدەبنەوە. پاشان لەگەڵ ھەر یەك لە عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبنەوە. لە دیدارەكانی شاندی حكوومەتی ھەرێم و ھەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق باس لە كێشە ھەڵواسراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەكرێت".
هەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێششمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەندامیەتی شاندەکە دەکەن و لەشاری بەغداش لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبنەوە.
له‌م سه‌ردانه‌دا كه بۆ ده‌رخستنی نیازپاكیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه به‌رامبه‌ر به‌غدا، پرسەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان، بووجە و نەوت، كەركووك، ئاوارەكان، لە دیدارەكان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی لە داھاتوویەكی نزیك ھەنگاوی كردەیی بۆ چارەسەری كێشە ھەڵپەسێردراوەكان بنرێت.
لە دوای یەكەمین كۆبوونەوەی فەرمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە دوێنێ 15/7/2019 ئەنجامدرا، لە راگەیەندراوێكدا حكوومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەكرد، کە شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی نیازپاکی و گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوەى دەستوور، سەردانی بەغدا دەکات.