پەکەکە گیان لەدەستدانی سێ بەرپرس پشتڕاست دەکاتەوە
پێشتر ئەردۆغان باسی لەوە كردبوو لە قەندیل ئەوانیان كردووەتە ئامانج
K24 - ھەولێر
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گیان لەدەستدانی سێ بەرپرسی پشتڕاست کردەوە، كە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا كراونەتە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوێكی پەكەكە سێ بەرپرس و دوو گەریلا لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە لەلایەن توركیا كراونەتە ئامانج، بەڵام ئێستا بۆ خێزانەكانیان ئاشكرا كراوە كە ئەوان لە ژیاندا نەماون.
لە بەیاننامەیەكدا كە لە میدیاكانی سەر بە پەكەكە بڵاوكراوەتەوە، لە 21ی ئاداری ئەمساڵ پێنج گەریلا بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گیانیان لەدەستداوە، كە سێ لەو كەسانە لە ریزەكانی پەكەكە بەرپرس بوونە.
لە بەیاننامەکەی پەكەكە ئاماژە بەوەكراوە، كە لە رێگەی نامە خێزانی ئەو گەریلایانە ئاگادار كراونەتەوە كە كوڕەكانیان لە ژیاندا نەماون، كە بریتین لە سینانی سور(عەلی ئاکتاش)، سەرحەد ئەمانوس- ڤارتۆ (ئەمروڵڵا دورسون) ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، ناڤدار سنگەر(میکایل ئۆزدەمیر)، سەرحەد شەفەک (ڤەهیپ تەکین)، شیار فەرشین (جەلال ئۆزتورک) لە 21ی ئاداری 2019 لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گیانیان لەدەستداوە.
ھەرچەندە پەكەكە شوێنی گیان لەدەستدانی ئەو بەرپرس و گەریلایانەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو كە سێ بەرپرسی پەكەكە-یان لە قەندیل كردووەتە ئامانج.
ھ.م