به‌ریتانیا گۆڕانكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئومێدبه‌خش ده‌زانێ

سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق چه‌ند پرسێكیان تاوتوێ كرد

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی به‌ریتانیا چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كات. له‌ دیداره‌كه‌شدا جۆن ویلكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق ڕاگەیاند: "بەو گۆڕانكارییە ئیجابییانەی كە لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌‌ و به‌و پێشڤەچوونانه‌ی له‌ پەیوەندی و دانوساندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕوویان داوە به‌ ئومێد به‌خشی ده‌زانن، پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و  ئاماژەی  بە ویستی بریتانیا دا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق".

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و جێمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتیی نوێی بریتانیا لە هەولێر كرد. له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆك بارزانی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیای بە گرنگ وەسف كرد و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە بچن و هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی گشتیی تازەی بریتانیا لە هەولێر خواست لە ئەرك و كاری نوێیدا.

بارودۆخی سیاسیی و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش و مەترسیی دووبارە دەركەوتنەوەیان تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

Fly Erbil Advertisment