پێكھاتەكانی عێراق لە ئەمەریكاوە بە پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێم خۆشحاڵن

ئومێدبەخشە بۆ داھاتوویەکی رۆشن و سەقامگیرتر

K24 - واشنتن

لە دووەمین لوتکەی وەزیران بۆ پێشخستنی ئازادیی ئایین لە جیھان، نوێنەرانی چەند پێکھاتەیەکی جیاواز لە عێراق ستایشی بەرنامەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

نوێنەرانی زیاتر لە 135 وڵات  و دەیان چالاکوان و نوێنەرانی دامەزراو و رێکخراوەکانی بواری مرۆیی و ئایینی بەشدارن لە دووەمین لوتکەی وەزیران بۆ پێشخستنی ئازادیی ئایین لە جیھان، کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و رۆژی 16/7/2019 دەستی بە كارەكانی كردووە. کۆبوونەوە کۆڕ و سیمینارەکان بونەتە بڵندگۆیەک بۆ تەبایی و پێکەوە ژیانی پێکھاتە ئایینیەکان لە جیھاندا.

لەھەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکھاتە ئایینیەکان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە داوەتکراون بۆ بەشداریکردن. چالاکوانێکی مەدەنی لە پێکھاتەی کاکەییەکان بە متمانەیەکی بەھێزەوە دەڕوانێتە داھاتووی پێکھاتەکان لە ژێر رۆشنایی حوکمڕانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی کوردستان و پەیامێکیش بۆ جیھان و بەغدا بەتایبەتی دەنێرێت.

فەرھاد كاكەیی، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زانکۆ بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە بەشێكین لەو كارنامەی كە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم رایگەیاندووە، بەتایبەتی بۆ یەكلایی كردنەوەی پرسی ماددەی 140 كە بەشێكی كاكەییەكان لەو ناوچانە زوڵمیان لێدەكرێت، ھیوادارین لەم كابینەی حكوومەتی ھەرێم ھەموو ھەوڵێكی بخاتەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140".

نوێنەرێکی پێکھاتەی سریانەکانی عێراق لە میانی بەشداربوونی لەو لوتکەیەدا دەڵێت، تەنیا ھەرێمی کوردستان پەناگە و پارێزەری پێکھاتەکان بووە،  ھاتووین بۆئەوەی ئەمە بە ئەمەریکییەکان و نوێنەرانی وڵاتان بڵێین.

جۆن ھادایا، سەرۆکی پارتی بزاڤی سریانەکان لە عێراق دەڵێ: "كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سێ وەزارەتی داوە بە ئافرەت، بایەخی داوە بە بوونی گەنج و پێکھاتەکان لە پۆستەباڵاکان، ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمان و جێگری دووەمیشی ئافرەتە، کەواتە ئەوەی دەیبیننین نوێخوازیەکی گرنگە و یەکسانکردنی مافەکانە، ئەمە ئومێدبەخشە بۆ داھاتوویەکی رۆشن و سەقامگیرتر بوونی ئارامی لەھەرێمی كوردستان".

بەرنامە و کارەکانی لوتکەی وەزیران بۆ پێشڤەخستنی ئازادیی ئایین لە جیھان، بۆ ماوەی دوو رۆژی داھاتووش لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا بەردەوام دەبێ، تیایدا چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدرێن. ئامانجی سەرەکی ئەم لوتکەیەش رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و پێشێلکارییەکانی دژ بە ئازادیی ئایینە لە جیھان.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment