ئەندام پەرلەمانێکی ئەڵمانیا: مەسرور بارزانی پشتیوانی هاووڵاتیان بە چاکسازیی بەدەست دەهێنێت
"چاکسازیی حکوومەت بەهێز دەکات"
K24 – ههولێر:
ئەندامێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەنجامدانی چاکسازی لەلایەن کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، حکوومەت بەهێز دەکات و پشتیوانی خەڵکیش مسۆگەر دەکات.
ھێلین سۆمەر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی چەپ، لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سەرەتا دەمەوێت پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز مەسروور بارزانی بکەم، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان".
راشیگەیاند: "ئەو ئەرکێکی سیاسی گرنگ دەگرێتە ئەستۆو خۆشی کوڕ و نەوەی دوو رەمزی گەورەی بزوتنەوەی سەربەخۆخوازی گەلی کوردستانە".
لە باسکردنی پێگە و رۆلی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندام پەرلەمانە گووتی: "ئەو خاوەنی سەرمایەیەکی ڕەمزی سیاسی بەھێزە، بەلای منەوە گرنگە کە سەرۆکی حکومەت لەم کابینەیەدا، لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بەھێز بکات".
لەبارەی کارنامەی حکوومەتیش، ھێلین سۆمەر دەڵێت، مەسرور بارزانی لە بەرنامەی کاری حکومەتەکەشیدا بە روونی باسی لە ئەولەویەتیەکانی کردووە، کە شەڕی نەھێشتنی گەندەڵی دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، دەستپێکردنی چاکسازی لە بواری دیموکراسی پێویستە و ئەگەر ئەوە بکات دەبێتە سەرۆک حکومەتێکی سەرکەوتوو و پشتیوانی خەڵکی کوردستانیش مسۆگەر دەکات.
لە وەڵامی راوێژکاری ئەڵمانیا کە پێشتر رایگەیاندبوو دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە عێراق دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە، هێلین رایگەیاند: "ئەو لێدوانەی مێرکڵ بە توندی رەتدەکەمەوە چونکە ئەوە ڕاست نیە و بە ڕوونی و دەنگی بڵند ئەوە دەڵێم کە کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ناوچەیەدا ھۆکاری ئارامی و جێگیری سیاسین، کاتێک دەوڵەتێکی سەربەخۆشیان ھەبێت ھۆکاری جێگیری سیاسی دەبن نەک نائارامی".
H.J