هاوتاكردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ناوخۆ تاووتوێ ده‌كرێت

گله‌یی له‌ به‌شێكی په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان له‌ به‌غدا ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، گلەیی لە بەشێك لە پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا دەکەن و دەڵێن، نایانەوێ یاسای بودجە بە شێوەیەکی گونجاو لێکدانەوەی بۆ بکرێت و دەشڵێن ناردنی بودجەی پێشمەرگە پەیوەندی بە نەوتەوە نییە.

پەرلەمانتارێکیش ئاشکرای دەکات کە هەولێر و بەغدا لە کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی باش، دەشڵێ پەرلەمانی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی پشووی هاوینە پرۆژە یاسایەك بۆ هاوتاکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ تاووتوێ دەکات.

بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، دەبووایە حکوومەتی عێراق مانگانە 68 ملیۆن دۆلار وەک بودجەی پێشمەرگە بداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕێك لەو پارەیە نەگەیشتووەتە هەولێر، هەندێك لە پەرلەمانتارانی لایەنە عەرەبییەکان نەناردنی ئەو پارەیە دەبەستنەوە بە رادەستنەکردنی نەوتەوە، بەڵام وەك بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، هیچ پەیوەندییەک نییە لە نێوان ئەو دوو پرسەدا و رەخنەش لە هەندێك پەرلەمانتاری کورد دەگرێت لە بەغدا.

لە نێوان هەولێر و بەغدا چەند لێژنەیەك پێکهێنراون بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لە نێویشیاندان کێشە داراییەکان و پرسی پێشمەرگە، ئەندامێکی لێژنەی پێشمەرگەش ئاشکرایدەکات، کە بەغدا ئامادەیی تەواوی نیشانداوە بۆ چارەسەری پرسەکە.

نەوت و بودجە دوو کێشەی نێوان هەولێر و بەغدان، كه‌ تا ئێستا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. بەپێی یاسای بودجەی 2019 عێراقیش بە هەموو شێوەیەك رێگری لە بڕینی مووچە کراوە لەلایەن بەغداوە.