32 هه‌زار كه‌س له سووریاوه ده‌گوازرێنه‌وه پارێزگای نه‌ینه‌وا
قایمقامی شنگال هۆشداریی توند ده‌داته حكوومه‌تی عێراق

K24 - هه‌ولێر:
مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی شنگال رایگه‌یاند: "له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا 32 هه‌زار كه‌س له خێوه‌تگه‌كانی سووریاوه ده‌گوازرێنه‌وه خێوه‌تگه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا".
له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئه‌و كه‌سانه له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووریی ره‌بیعه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه خێوه‌تگه‌كانی حه‌مام عه‌لیل و جدعه له باشووری نه‌ینه‌وا، به‌شێكیان ئه‌و ژن و منداڵه ئێزدییانه‌ن كه له ده‌ست داعش رزگاریان بووه، پاش ئه‌وه‌ی له رووداوه‌كانی رۆژی 3/8/2014 داعش ده‌ستگیریی كردبوون".
قایمقامی شنگال هۆشداریی ده‌داته حكوومه‌تی عێراق و ده‌ڵێت: "هێنانه ناوه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه بۆ عێراق وه‌ك بۆمبی چێنراو وایه و پڕن له هزری داعشی و ته‌كفیریی، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانن هزری گه‌نجان ژه‌هراوی بكه‌ن و شوێنه‌واری خراپ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا جێبهێڵن له داهاتوودا".
مه‌حما خه‌لیل داوا له عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای ئایینی شیعه‌كان و هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق ده‌كات، هێنانی ئه‌و خه‌ڵكه زۆره بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا ره‌تبكه‌نه‌وه و رێگه نه‌ده‌ن له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات ئه‌وانه بهێنرێنه ناو عێراقه‌وه.