"بەهۆى پەکەکەوە 400 گوندی ناوچە سنوورییەکان چۆڵكراون"

فه‌رمانده‌یه‌كی پاسه‌وانیی سنوور: زیانی زۆر به‌ر به‌روبوومی جوتیاران كه‌وتووه‌

K24 - هه‌ولێر:

لیوا شێرکۆ زەنگەنە، فەرماندە لە پاسەوانى سنوور،رایگەیاند: "به‌هۆى گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە)ـه‌وه‌ زیانی گیانى و ماڵیی زۆر بەر هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان كه‌وتووه‌ لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و توركیا".

لیوا شێرکۆ زەنگەنە به‌ ئاژانسى ئانادۆڵوی فه‌رمی توركیای گوتووه‌: "بە هۆى جموجووڵه‌کانى پەکەکە و نزیکبوونەوەیان لە گوندەکانى ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان، رۆژانە گوندنشینانى سنوورەکە ناوچه‌كانیان جێدەهێڵن و گوندەکانیان چۆڵدەکەن و ئاوارەى شار و شارۆچکە و گوندەکانى دیكه‌ ده‌بن كه‌ دوورن له‌ په‌كه‌وه‌، ئەمەش بۆ هەموو لایەک بووه‌ته‌ مایەى نیگەرانیی".

ئه‌و فەرماندەیه‌ی پاسەوانى سنوور، ئامارێكی له‌باره‌ی گونده‌ چۆڵكراوه‌كان به‌ ئاژانسه‌ توركییه‌كه‌ داوه‌ و گوتوویه‌تی: "ژمارەى ئەو گوندانەى بە هۆى پەکەکەوە چۆڵبوون تا ئێستا زیاتر لە 400 گوندن، ئاوارەبوونى گوندنشینەکانى ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستانیش رۆژانە بەردەوامه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هەر كاتێك  بنکە و بارەگاکانى پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان بۆردومان دەکرێن، پەکەکە زیاتر خۆى لە گوندە سنوورییەکان نزیک دەکاتەوە و بەو هۆیەوە خەڵکى ئه‌و ناوچانه‌ زیاتر ئاوارە دەبن، لەگەڵ هەر بۆردومانێک ئێمە حکوومەت و سوپاى عێراق لە دوایین پێشهات ئاگادار دەکەینەوە و تەواوى وردەکارییەکان دەخەینەڕوو".

لیوا شێرکۆ ئاماژەى بەوەشداوه‌ کە بە هۆکارى بوونى پەکەکە ساڵانە زیانێکى زۆر كه‌ بەر بەروبوومى جووتیارانى هەرێمى کوردستان ده‌كه‌وێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هەرێمى کوردستان شوێنى پەکەکە نییە و ناکرێت بۆ بەرژەوەندى و ئامانجە سیاسییەکانى خۆیان زیان بە هەرێمى کوردستان بگەیەنن و بەو جۆرە دەست لە ژیانى هاووڵاتییان وەربدەن و خەڵک بێزار بکەن".

Fly Erbil Advertisment