جووتیارانی كوردستان یاداشتێك ئاراستەی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق دەكەن

چەند داوایەك لە حكوومەت و پەرلەمان دەكەن

K24 - ھەولێر      

رێناس عەلی، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "نوێنەری جووتیارانی كوردستان لە رێگەی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە ھەولێر، یاداشتێك ئاراستەی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق دەكەن، كه‌ تیایدا داوای شایستە داراییەكان و قەرەبووكردنەوە دەكەن".

خالید تاھیر، یەكێك لە نوێنەرانی جووتیاران بە كوردستان24ی راگەیاند: "یاداشتێكمان ئامادە كردووە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەكەین، كە پێنج خاڵ لە خۆ دەگرێت".

روونی كردەوە: "خاڵەكانی ئەو یاداشتە بریتین لە شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016، كە تا ئێستا لەلایەن حكوومەتی عێراق بە جووتیارانی كوردستان نەدراوە. ھەروەھا قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووەكانی لافاوی ئەمساڵ، قەرەبووكردنەوەی ئەو جووتیارانەی لە ناوچە كوردستانییەكان بە ھۆی ئاگركەوتنەوەكە دەغڵودانیان سووتاوە، ھەروەھا پێكھێنانی لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە كێشەی زەویوزار لە سنووری مادەی 140، چونكە ئێستا رێگریان لێ دەكرێت بۆ بەكارھێنانی زەوییەكان. ھاوكات لیژنەیەك بۆ سڕینەوەی بڕیاری حزبی بەعس لەبارەی زەویی جووتیارانی كورد، كە زەوییەكانیان دراوە بە عەرەبەكان".

Fly Erbil Advertisment