وردەکاریی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناحیەی کوڵەجۆ ئاشکرا دەکرێت
"هێزە عێراقییەکان ئاگاداربوون و رێگریان لێ نەکردوون".
K24 – گەرمیان:
بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ بە کوردستان24ی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو، چەکدارانی داعش بە سوود وەرگرتن لەو بۆشاییە ئەمنیەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دروست بووە، هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی ئاسایش.
سمکۆ عەلی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی کوڵەجۆ، لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەو، کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو ئەندامی هێزەکای ئاسایش و دوو پێشمەرگە، رایگەیاند: "بە هۆی بۆشایی ئەمنیی ناوچەکە، چەکدارەکان دزەیان کردووە و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر بازگەکەی ئاسایش".
راشیگەیاند: "لەو هێرشە دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوون، دواتر بۆمبێکیش لە پشت ناحیەی کوڵەجۆ، بە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و دوو پێشمەرگە شەهید بوون".
ئاماژەی بەوەش دا: "هێزە عێراقییەکان، کە لە شێخ باوە جێگیرن، ئاگاداری دزەکردنی چەکدارەکان بوون، بەڵام هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە"
هەر شەوی رابردوو، پێنج گولـلە هاوەن ئاراستەی ناحیەکە کراوە و چواریان تەقیونەتەوە.
ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش، هەڵمەتێکیان بۆ کێوماڵکردنی ناوچهكه به دوای چەکدارەکانی داعش دەست پێ کردووە و داواش دەکەن هێزەکانی پێشمەرگە بۆ تەواوی ناوچەکە بگەڕێتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کردووە: "ئەو كەسانەی بە ھۆی ھێرشەكە شەھید بوون، بریتین لە ئاسۆ جەلال، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش لە ناوچەكە، حەیدەر فوئاد، بارزان ئەحمەد و پشتیوان محەممەد".
H.J