حكوومه‌ت بۆ پاراستنی گیانی گه‌شتیاران رێكاری پێویست ده‌گرێته‌به‌ر

ئەنجوومەنی وەزیران وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان راده‌سپێرێت

K24 - هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار و تەندرووستی و ناوخۆ و دەستەی ژینگەی راسپاردووە، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکەن، بۆ دەرکردنی رێنمایی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، بۆ پاراستنی گیان و ماڵی گەشتیاران لە شوێنە گەشتیارییەکان.

ئەمە لە کاتێکدا کە چاوەڕێدەکرێت لە ڕۆژانی جەژندا سەدان هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە،  روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژن، هاوينه‌هه‌واره‌كانی كوردستان ده‌بنه‌ رووگەى گەشتیارانی خەڵکی ناوەڕاست و باشوور کە لەپێناو راکردن لە گەرمای هاوین رووی تێده‌كه‌ن.

لە کاتێکدا کوردستان پڕیەتی لە هاوینەوار و شوێنی گەشتیاریى، بەڵام ئەوەی وایکردووە گەشتیاران بچنه‌ پاركه‌ ئاوییه‌كان، ئه‌وه‌یه‌ ڕێوشوێنی سەلامەتی لە هاوینە هەوارەکان وەك پێویست نییە و هەندێکجار گەشتەکە بە خەمێکی تا هەتایی کۆتایی دێت.

وه‌لید خالید، كه‌ رێبه‌رێكی گه‌شتیارییه‌، ده‌ڵێت: "یەکێك لەو شوێنانەی کە ئێمە ناهێڵین گەشتیارەکانمان مەلەی تێدا بکەن، هاوینەهەواری بێخاڵە، چونکە گیانی کەس پارێزراو نییە و رێوشوێنی پیویست نەگیراوەتەبەر، هیوادارم کار بکرێت تا لە شوێنەکانی دیکەش مەلەوانی بکەین، وەك بێخاڵ و جندیان و سیپا و چەندین شوێنی دیکە".

گه‌شتیارێكی له‌ پارێكی ئاوی هه‌ولێر، باس له‌ سه‌لامه‌تی و پارێزراوی گیانی گه‌شتیاران ده‌كات، ده‌ڵێت: "ئێرە شوێنێکی سەلامەتە بۆیە ئیمە دێینە ئێرە، لە هاوینەهەوارەکان ڕێوشوێنی پێویست نین، جارێکیان لە بێخاڵ خۆم لەوێ بووم کە منداڵێك خنکا، بەڵام  لێرە هەموو رێوشوێنێك گیراوەتەبەر".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هیوادارم حکوومەت رێکاری پێویست بگرێتەبەر لە هاوینە هەوارەکان، بۆ نموونە لە تاڤگە و رووبارەکان کەسی مەلەوان دابنێ و لە شوێنە چیاییەکانیش پەرژین درووستبکات".

بریارە بۆ لەمەودوا سکاڵای گەشتیاران بێ چارەسەر نەمێنێتەوە، چونکە لە دوايین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، وەزارەتەکانی شارەوانی، تەندرووستی و ناوخۆ و دەستەی ژینگە راسپێردراون تا ڕێوشوێن و ڕێنمایی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بگرنەبەر، لەم بارەیەوە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار نایشارێتەوە، بەشێکی زۆر لە رووداوەکان بە هۆکاری کەمتەرخەمی گەشتیاران بووه‌.

چاوەڕێدەکرێت لە ماوەی رۆژانی جەژندا زیاتر لە 140 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان، بە توندوتۆڵکردنی ڕێوشوێنەکانی سەلامەتییش پێدەچێت بۆ لەمەودوا ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیار بێن.

ئ. م