سەڵاحەدین بەھائەدین كاتی بەستنی كۆنگرەی یەكگرتووی ئاشكرا كرد
"ھیوای سەركەوتن بۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەخوازین"
K24 - ھەولێر
سەڵاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاشكرای كرد، لە كۆتایی ئەمساڵ تا سەرەتایی ساڵی داھاتوو كۆنگرەی حزبەكەیان دەبەسترێت. ئاماژەی بەوەشدا "ئەوەی قسەی خێر بۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەت نەكات خراپ دەكات".
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەڵاحەدین بەھائەدین رایگەیاند: "ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكگرتوو دەستیپێكردووە و لە كۆتایی ئەمساڵ تا سەرەتایی ساڵی داھاتوو یەكگرتوو كۆنگرە دەبەستێت".
سەبارەت بە خۆ كاندیدكردنەوەی لە كۆنگرەی داھاتوو، ئەمینداری یەكگرتوو گوتی: "ھێشتا زووە بۆ ئەو بڕیارە".
سەڵاحەدین بەھائەدین، لەبارەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا: "كابینەیەكی ھەڵبژێردراوە و شەرعیەتی پەرلەمانی ھەیە، ھیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین، دوعای خێر و پێشنیار و رەخنەی بنیاتنەرمان بۆ كابینەی نوێی حكوومەت دەبێت، ئەوەی دوعای خێری بۆ نەكات خراپ دەكات، چونكە میللەت زەرەر دەكات".
جەختی كردەوە: "وەك یەكگرتوو پێشتر پێشنیارمان بۆ حكوومەت ھەبووە، ئێستاش لەرێگەی كەناڵی جیاجیا قسەی خێریان بۆ دەكەین".
دەربارەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك سەڵاحەدین بەھائەدین گوتی: "ھێشتا زووە بۆ بڕیاردان، بەڵام بە بڕوای من پێویستە كورد بە یەك لیست بەشداری بكات و پەرتەوازەیی باش نییە".
ھ.م