سعوودیه ده‌رگای حه‌ج به رووی 10 هه‌زار كه‌سدا داده‌خات
400 هه‌زار كه‌س گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه
K24- هه‌ولێر:
وته‌بێژی فه‌رمی ئاسایشی گشتی له سعوودیه رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان له چوارچێوه‌ی ئه‌ركه‌كه‌یان بۆ رێكخستن و جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی حه‌ج، نزیكه‌ی 10 هه‌زار كه‌سیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، كه مۆڵه‌تی فه‌رمیی ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌جیان نه‌بووه، وێڕای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی 400 هه‌زار كه‌س كه به‌بێ مۆڵه‌ت بۆ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی "به‌ده‌ل حه‌ج" له‌وێ بوون، له‌گه‌ڵ كۆنترۆڵكردنی 181 نووسینگه‌ی نایاسایی.
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی رۆژنامه‌ی "سه‌به‌ق" له‌و به‌رپرسه‌ی ئاسایشی سعوودییه گواستییه‌وه، كه ئاماژه‌ی به ناوی نه‌كردووه، "ئامانج له‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان بۆ رێكخستنی كاروباری ناوخۆی حه‌جه به گوێره‌ی رێنماییه‌كان و توانای وه‌رگرتنی ژماره‌ی حاجییان بۆ ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج، هه‌روه‌ها بۆ كۆنترۆڵكردنی حه‌جكردن به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له رێگه‌ی حه‌جكردنی به وه‌كاله‌ت "به‌ده‌ل حه‌ج"، فێڵ له خه‌ڵكی ده‌كه‌ن و پاره‌یه‌كی زۆریان به شێوه‌یه‌كی نایاسایی لێوه‌رده‌گرن".
گوتیشی: "181 نووسینگه‌ی بێمۆڵه‌تیان كۆنترۆڵكردووه و رێككاری یاساییان به‌رامبه‌ر تۆمه‌تباران گرتووه‌ته به‌ر، هه‌روه‌ها به‌هۆی نه‌بوونی مۆڵه‌تی كاركردن له پایته‌ختی پیرۆز، 400 هه‌زار كه‌سیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، كه بۆ مه‌به‌ستی "به‌ده‌ل حه‌ج" هاتبوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "277 كه‌سیان كۆنترۆڵ كردووه، كه پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی حه‌جكردن له سنووری ناوچه‌ی پیرۆز بوون، ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی رووبهڕووكردنهوهیان به یاسا، وێڕای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی 15 پاسی نه‌فه‌رهه‌ڵگر".
وته‌بێژی فه‌رمی ئاسایشی حه‌ج دووپاتیكرده‌وه، "كارمه‌ندانی ئاسایش ئه‌ركه‌كه‌یان له سه‌رانسه‌ری شانشینه‌كه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت پارێزگاریكردن له پلانی ئاسایشی حه‌ج، له پێناو پاراستنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی زیاره‌تكارانی ماڵی خودا".
H.B