ئاڵتان تان: ره‌نگه ئۆجه‌لان ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت
ئۆجه‌لان داوای چاره‌سه‌ری كردووه

K24 – هه‌ولێر:
پەرلەمانتارێكی پێشووی ھەدەپە ئاشكرای كرد، ئەگەر ھەیە، ئەم ھەفتەیە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان(په‌كه‌كه) ئاگربەست رابگەیەنێت.
ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی ھەدەپە، كە ئێستا لە ریزەكانی پارتی سەعادەت كار دەكات، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا سەرنجی خستە سەر دوا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە و رایگەیاند، بۆ چارەسەری پرسی كورد، پێویستە پەكەكە بە شێوەیەكی ستراتیژی دەستبەرداری چەك بێت نەك بە شێوەیەكی تاكتیكی.
ئاشكراشیكرد، دوای دوا پەیامی ئۆجەلان، ئەگەری دەستپێكردنی پرۆسەیەكی نوێی چارەسەری ھەیە و ئۆجەلان لە ھەموو دیدارەكانی ئەم دواییەدا دەڵێت لەسەر ھەڵوێستی ساڵی 2013ـی سوورە و ھەرچەندە ئاشكراش نەكراوە، بەڵام لە ماوەیەكی نزیكدا ئاگربەست رادەگەیەنێت.
ئاڵتان تان ئاماژە بەوەش كرد، لە ناوخۆ و دەرەوە زۆر لایەن ھەن دژی پرۆسەی ئاشتین، بەڵام بۆ ئەوەی لە سووریا رێككەوتنێك ھەبێت، پێویستە توركیا پرسی كورد تا راددەیەك چارەسەر بكات و كیانی كوردیش لە سووریا قبووڵ بكرێت.
رۆژی 7ی ئاب/ ئۆگستی 2019، نووسینگه‌ی "چاخی حقوقی" كه به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئۆجه‌لان ده‌كات، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر، به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی دیدارێكی ئۆجه‌لان و دوو له پارێزه‌ره‌كانی "نه‌ورۆز ئۆیسال و رێزان سارجا" بڵاو كرده‌وه.
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه داوه، له دیداری نێوان ئۆجه‌لان و هه‌ردوو پارێزه‌ره‌كه‌یدا، گفتوگۆ له‌باره‌ی شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه و توركیا كراوه و له میانه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ئۆجه‌لان گوتوویه‌تی: "با كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ین. له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی چه‌كداری راده‌گرین. من ئه‌و ئه‌ركه له ئه‌ستۆی خۆم ده‌گرم و باوه‌ڕم به خۆم هه‌یه. من ئاماده‌م بۆ چاره‌سه‌ركردن، به‌ڵام پێویسته ده‌وڵه‌تیش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانییه‌تی ئه‌نجامی بدات".
