3 په‌نابه‌ری عێراقی له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كچێكی سووری

قوربانییه‌كه‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵانه‌

K24 - هه‌ولێر:

كچێكی 16 ساڵانی په‌نابه‌ری سووری له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌لایه‌ن 3 په‌نابه‌ری دیكه‌ی عێراقییه‌وه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ر.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "بیڵد"ی ئه‌ڵمانی، دوای ئه‌وه‌ی كچه‌ 16 ساڵییه‌كه‌ دووچاری گرفتێك ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی به‌ناوی (نه‌دا)، كه‌ ئه‌ویش كچه‌ و سووریه‌، كچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سێ كوڕ ده‌یبه‌نه‌ ماڵێك و له‌وێ كوڕه‌كان ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كچه‌كه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی نێوان كچه‌ 16 ساڵییه‌كه‌ و نه‌دا، دوای كێشه‌كه‌ش نه‌دا بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ تۆڵه‌ له‌و كچه‌ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ پێشوه‌خته‌ هه‌موو بارودۆخێكی بۆ كاره‌كه‌ی ئاماده‌كردووه‌، سێ په‌نابه‌ری عێراقی هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسی بكه‌نه‌ سه‌ر كچه‌كه‌ له‌ناو ماڵێكدا.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، رووداوه‌كه‌ له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2018 روویداوه‌، ئێستاش دادگای شاره‌كه‌ دوای 17 دانیشتن، بڕیاری سزادانی تاوانباران و ده‌ستدرێژیكارانی ده‌ركردووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌مجار یه‌كێك له‌ كوڕه‌كان به‌ناوی ئه‌حمه‌د (26) ساڵ، ده‌ستدرێژی سێكسی كردووه‌ته‌ سه‌ر كچه‌ 16 ساڵییه‌كه‌، دواتریش پێی گوتووه‌ كه‌ هێشتا كاره‌كه‌یان ته‌واو نه‌بووه‌، ئینجا دوای ئه‌و كوڕێكی دیكه‌ به‌ناوی حوسێن (21) ساڵ و مسته‌فا (20) ساڵ، یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كچه‌كه‌.

وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ بۆ رۆژنامه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ باسی كردووه‌، جگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌، نه‌دا سووكایه‌تی به‌ كچه‌كه‌ كردووه‌ و ئامێری مۆبایلی پێبووه‌، كه‌ پێده‌چێت گرفته‌ی ڤیدیۆیی تۆماركردبێت، به‌ڵام نكۆڵی له‌و كاره‌ ده‌كه‌ن.

رۆژنامه‌ی "به‌رلینه‌ر زایتونگ" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دادگا سزای زیندانیكردنی بۆ تاوانباره‌كان ده‌ركردووه‌، كه‌ نه‌دا 4 ساڵ، حوسێن 5 ساڵ و شه‌ش مانگ، حوسێن 4 ساڵ و هه‌شت مانگ و ئه‌حمه‌دیش 4 ساڵ و چوار مانگ زیندانی ده‌كرێن.

له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كانی دادگا، نه‌دا چه‌ندین تۆمه‌تی ئاراسته‌ی كچه‌ 16 ساڵییه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ تا ئێستا ناو و ناسنامه‌‌ی ئه‌و قوربانییه‌ به‌ نهێنی ماوه‌ته‌وه‌.

یه‌كێك له‌وانه‌ی كه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی كردووه‌ته‌ سه‌ر كچه‌كه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، كاره‌كه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی خۆی بووه‌.

دادگا مافی ئه‌وه‌ی به‌ تاوانباران داوه‌، كه‌ داوای پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كانی دادگا بكه‌ن.

ئ. م