راوه‌دوونانی داعش له رۆژئاوای عێراق ده‌ستیپێكرده‌وه
قۆناغی چواره‌می "ئیراده‌ی سه‌ركه‌وتن" به‌ڕێوه‌ده‌چێت

K24 - هه‌ولێر:
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی حكوومه‌تی عێراق رایگه‌یاند: "قۆناغی هه‌ڵمه‌تی چواره‌می "ئیراده‌ی سه‌ركه‌وت" بۆ راوه‌دوونانی پاشماوه‌كانی داعش له پارێزگای ئه‌نباری رۆژئاوای وڵات ده‌ستیپێكردووه".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 25/8/2019، شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی له‌وباره‌یه‌وه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: "له‌سه‌ر بڕیاری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و به سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش و دوای سه‌ركه‌وتنی قۆناغی سێیه‌م. قۆناغی چواره‌می ئۆپراسیۆنه‌كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ده‌ستیپێكردووه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه كه "ئامانجی ئۆپراسیۆنه‌كه پشكنین و پاككردنه‌وه‌ی بیابانه‌كانی ئه‌نبار و ناوچه سنوورییه‌كانی پارێزگاكه‌یه له پاشماوه‌كانی تیرۆریستانی داعش".
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا، فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی جزیره به پێكهاته‌ی فیرقه‌ی زه‌مینی حه‌وت و فیرقه‌ی هه‌شتی ئالیات، حه‌شدی عه‌شائیری، فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی ئه‌نبار، فیرقه‌ی زه‌مینی یه‌ك و لیوای مغاویر، فه‌رمانده‌یی میحوه‌ری ئه‌نباری حه‌شدی شه‌عبی، میحوه‌ری رۆژئاوای ئه‌نبار، فه‌رمانده‌یی پاسه‌وانیی سنوور، به پاڵپشتیی هێزه ئاسمانییه‌كان و فڕۆكه‌كانی سوپای عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شدارییان كردووه".