كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌ ئێرانییه‌كه‌ ناتوانێت له‌ هیچ به‌نده‌رێك له‌نگه‌ر بگرێت

هه‌فته‌یه‌ك دوای ئازادكردنی هێشتا به‌ وێڵی له‌ ده‌ریاكان ده‌سووڕێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە ئێرانییەی لەلایەن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا له‌ جەبەل تاريق دەستی بەسەرداگیرابوو، هەفتەیەك پاش ئازادبوونی نەیتوانیوە لە هیچ بەندەرێكی دەریای ناوەڕاست نەوتەکەی بەتاڵ بکات، هەر بۆیە بڕیاریداوە بە دەریای سووردا بەرەو ئێران بگەڕێتەوە.

راپۆرتی ئەو کۆمپانیایانەی تایبەتن بە چاودێریکردنی کەشتییەکان دەریدەخات، کەشتیی نەوتهەڵگری (ئادریانی دەریا 1) کە هەفتەیەك لەمەوبەر لە لایەن دادگای جەبەل تارقەوە ئازاد کرا خەریکە بەرەو دەریای سوور دەچێ.

ئەم نەوتهەڵگرە زەبەلاحە پاش 45 رۆژ دەستبەسەردا گیران دووشەممەی رابردوو بەو مەرجەی بەرەو سووریا نەچێت ئازاد کرا.

کەشتییەکە سەرەتا بەرەو بەندەری کالاماتای یۆنان ڕۆیشت، بەڵام هۆشداریی ئەمریکا بە یۆنان سەبارەت بەوەی هەرجۆرە یارمەتییەك بەم کەشتییە دەرئەنجامی قورسی دەبێت، بوو بە هۆی ئەوەی حکوومەتی یۆنان رێگا نەدات کەشتیی ئادریان لە به‌نده‌ره‌كانی وڵاتەکەی نزیك بێتەوە.

دواتر سیستەمی سیگناڵی کەشتییەکە دەریخست کە بەرەو بەندەری میرسینی تورکیا وەڕی کەوتووە و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە ئەمریکا هۆشداری بدات هەر وڵاتێك یارمەتیی ئەم کەشتییە بدات سزا دەدرێت.

ئیستا دوو کۆمپانیای چاودێریی دەریایی رایانگەیاندووە، نەوتهەڵگرە ئێرانییەکە رۆژی یەکشەممە دیسان ئاراستەی گۆڕیوە و بەرەو کاناڵی سوێسى ميسرى دەچێت.

ئەم نەوتهەڵگرە زەبەلاحە بە 2 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتەوە بە ڕادەیەک قورسە کە قوڵڵایی کاناڵی سوێس بۆ تێپەڕێنی گونجاو نییە. کۆمپانیای چاودێریی (تانکێر تەرکێرز) ئاشکرای کردووە کەشتییەکی دیکەی نەوتهەڵگری ئێرانی کە دەتوانێ یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەڵگرێ زۆر بە خێرایی لە دەریای سوورەوە بەرەو کاناڵی سوێس دەچێت.

کۆمپانیای چاودێریی (رێفینتیۆ)ش وتوویەتی، ئادریانی یەك ئەگەر بیهەوێ بە کاناڵی سوێسدا تێپەڕێت، دەبێ لانی کەم 700 هەزار بەرمیل لە نەوتەکەی بدات بە نەوتهەڵگرێکی دیکە. ئەگەر ئادریانی دەریا 1 بیهەوێ بە کاناڵی سوێسدا بچێتە ناو دەریای سوور ئەوا یا بەرەو کەنارئاوەکانی ئێران دەگەڕێتەوە و یا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەچێت.

ئەم کەشییە کە تا بەرلەوەی دەستی بەسەردا بگیرێ ناوی گره‌یس وان بوو، بە هەڵبژاردنی رێگایەکی نائاسایی، بە سووڕانەوە بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا گەیشتبووە گەرووی جەبەل تاريق و گومانی ئەوەی لێدەکرا نەوتەکەی بەرەو سووریا ببات.

ئێران نكۆڵی لەوە کردووە کە ئامانجی کەشتییەکەی سووریا بێت، بەڵام ئه‌و به‌نده‌ره‌شی ئاشكرا نه‌كردووه‌ كه‌ كه‌شتییه‌كه‌ بۆی ده‌چێت و بۆچیش ئەم کەشتییە بە بێ فرۆشتنی نەوتەکەی بەرەو ئێران دەگەڕێتەوە.

Fly Erbil Advertisment