سه‌رۆك بارزانی: ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان موڵكی هیچ حزب و لایەنێك نیە بەڵكو موڵكی گەلی كوردستانە

سەرۆك بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان دووپاتكرده‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 28ـی 8ـی 2019، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و بارودۆخی سیاسیی و دوایین گۆڕانكاریی و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاووتوێ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی تازەی پارلەمان لە چاودێریكردنی كاروباری حكوومەت دووپات كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە پارلەمانی تازە كار بۆ بەردەوامی و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و دەستەبەركردنی یەكڕیزیی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستان بكات و پڕۆسەی چاكسازی و هەروەها ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان بكاتە ئەولەویەتی كارەكانی خۆی.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر پڕەنسیپی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان دەستەڵاتەكان ئەویش لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و بەهێزكردنی دامودەزگەكانی هەرێمی كوردستان.

سەرۆك بارزانی هێمایشی بە بایەخ و گرنگیی دامەزراوەی پارلەمان دا و جەختی لەوە كردەوە كە دەستەی سەرۆكایەتی موڵكی هیچ حزب و لایەنێك نیە بەڵكو موڵكی گەلی كوردستانە.

ئ. م

Fly Erbil Advertisment