ئه‌ردۆغان: ده‌بێت كۆنترۆڵی "ناوچه‌ی ئارام" له ده‌ستی ئێمه بێت ئه‌گه‌رنا هێرش ده‌كه‌ین
سوپای توركیا یه‌كلایه‌نه ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌دات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر كۆنترۆڵی سه‌ربازی "ناوچه‌ی ئارام"ی باكووری سووریا له ده‌ست ئێمه نه‌بێت، سوپای توركیا یه‌كلایه‌نه ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌دات.
له میانی به‌شداریكردنی له ئاهه‌نگی ده‌رچووانی "ئه‌كادیمیای سه‌ربازی زانكۆی به‌رگری نیشتمانی له ئه‌سته‌نبوڵ"، سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان گوتی: "چیدیكه ئارام ناگرین له باره‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له خۆرهه‌ڵاتی فورات".
گوتیشی: "ئێمه خۆمان پلانه‌كه‌مان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا كۆنترۆڵی ئه‌منی و سه‌ربازی به ده‌ست سه‌ربازه‌كانمان نه‌بێت، ئۆپراسیۆن ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته لایه‌نی به‌رامبه‌ر باش بیر له ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه بكاته‌وه".
ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شی گوت: "كێشه‌ی ناوچه‌كه بوونی رێكخراوی داعش نییه، به‌ڵكو شه‌ڕی چه‌ند هێزێكه له ناوچه‌كه كه هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت باڵێكی له‌و ناوچه‌یه هه‌بێت".
له باره‌ی فڕۆكه‌ی جۆری ئێف35ی ئه‌مه‌ریكییه‌وه، ئه‌ردۆغان گوتی: "ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت فڕۆكه‌ی ئێف35مان راده‌ست بكات، به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه‌ش ده‌سته‌وه‌ستان نابین".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه دوودڵ نابین له هه‌ڵبژاردنی سیستمی به‌رگری مووشه‌كی دیكه له بری سیستمی به‌رگری مووشه‌كی ئه‌مه‌ریكی(پاتریۆت) ".
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ
ئ.ڕ