ئه‌مه‌ریكا له‌ دژی حزبوڵڵای لوبنان پشتگیری خۆی بۆ ئیسرائیل راگه‌یاند

نوێنه‌ری تره‌مپ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست: ئیسرائیل مافی خۆیه‌تی به‌رگری له‌خۆی بكات

K24- هه‌ولێر:

جیسۆن گرینبڵات، نوێنه‌ری دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پاڵپشتی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئیسرائیل له‌ دژی حزبوڵڵای لوبنانی راگه‌یاند و دووپاتیكرده‌وه‌، ئیسرائیل مافی خۆیه‌تی به‌رامبه‌ر هه‌ر هێرشێك به‌رگری له‌خۆی بكات.

گرینبڵات له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، له‌باره‌ی دوایین گرژییه‌كانی نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل نووسیویه‌تی: "مووشه‌كه‌كان له‌ لوبنانه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئیسرائیل كراون. ئێران بریكاری له‌ لوبنان و غه‌زه‌ هه‌یه‌ كه‌ زیان به‌ ئیسرائیل ده‌گه‌یه‌نن و ده‌رفه‌تی ئاشتی به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاینده‌ی فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ریكا به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌ها له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و له‌وه‌دا پشتگیری ده‌كات، كه‌ مافی ته‌واوی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌رگری له‌ خۆی بكات".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكرده‌وه‌، حزبوڵڵای لوبنانی چه‌ند مووشه‌ك و دژه‌ تانكێكی ئاراسته‌ی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئیسرائیل كردووه‌.

هاوكات حزبوڵڵاش رایگه‌یاند، له‌ هێرشه‌كه‌یاندا ئۆتۆمبیلێكی سه‌ربازی ئیسرائیلیان له‌ گوندێكی باكووری ئه‌و وڵاته‌ پێكاندووه‌ و كوژراو و برینداریش له‌ ریزی سه‌ربازانی ئیسرائیل هه‌بووه‌، به‌ڵام دواتر له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا بنیامین ناتانیاهۆ ره‌تی كرده‌وه‌، هیچ زیانێكی گیانی له‌و هێرشانه‌ی حزبوڵڵا كه‌وتبێته‌وه‌.

H.B