ئیسرائیل چه‌ند شوێنێك له عێراق و لوبنان و سووریا بۆ به‌ئامانجكردن ده‌ستنیشان ده‌كات
دزه به چه‌ند وێنه‌یه‌كی ئه‌و شوێنانه كردووه
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت بڵاویكرده‌وه، ئیسرائیل دزه‌ی به ژماره‌یه‌ك وێنه‌ی چه‌ند پێگه‌یه‌كی ئێرانی له عێراق و سووریا و لوبنان كردووه، كه بۆ به ئامانجكردنی هێرشه‌كانی ده‌ستنیشان كردووه.
ئه‌و رۆژنامه‌یه له ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه و شاره‌زای سه‌ربازی له ته‌لئه‌ڤیڤ گواستییه‌وه، "حكوومه‌تی ئیسرائیل دزه‌ی به وێنه‌ی چه‌ند شوێنێك له‌و سێ وڵاته كردووه، كه تایبه‌تن به كارگه‌ی دروستكردنی مووشه‌ك و بنكه‌ی سه‌ربازی ئێران و پلانی بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئه‌و پێگانه داڕشتووه".

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل كه ئاماژه‌ی به ناوی نه‌كراوه، به‌و رۆژنامه‌یه‌ی راگه‌یاندووه، "سوپای ئیسرائیل ئاشكراكردووه، ژماره‌یه‌ك مووشه‌كی وردپێكێنه‌ر له كۆگاكانی بیقاع له لوبنان بۆ به‌ئامانجكردنی ناوچه‌ی كه‌نداوی حه‌یفای باكووری ئیسرائیل ئاماده‌كراون و، ده‌كه‌ونه ئه‌و شوێنه‌ی كه كارگه‌كانی دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ی پترۆڵ و كیمیاییه‌كان و كۆگاكانی ئه‌مۆنیایان لێیه".
ئه‌و رۆژنامه‌یه نووسیویه‌تی، سوپای ئیسرائیل جارێكی دیكه‌ش په‌نای بۆ شێوازی ئاشكراكردنی پێشوه‌خته نهێنییه‌كان بردووه، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی حزبوڵڵای لوبنانی ببێته‌وه، كاتێك ناوی دوو پێگه‌ی نهێنی ئاشكرا كرد، كه مووشه‌ك و ئامێره‌كانی به‌ره‌وپێشبردن و نوێكردنه‌وه‌ی مووشه‌كیان تێدا هه‌ڵگیراون، یه‌كێكیان ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی بیقاعی لوبنان و ئه‌وی دیكه‌شیان له سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سووریایه.
له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا به‌ر له دوو رۆژ وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل ئه‌و پێگه‌یه‌ی ئاشكراكرد، كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی بیقاع و رایگه‌یاند، حزبوڵڵا لوبنانی ژماره‌یه‌ك بنكه و كۆگا دیكه‌ی هه‌یه، كه تایبه‌تن به درووستكردنی بزوێنه‌ر و كڵاوه جه‌نگییه‌كانی ئه‌و مووشه‌كه زیره‌كانه‌ی، كه له پێكاندنی ئامانجه‌كانیان زۆر وردن و ده‌توانن له‌سه‌ر رووبه‌ری 10 مه‌تر ئامانجه‌كه‌یان بپێكن، ئه‌و بنكه و كۆگایانه‌ش ده‌كه‌ونه نزیك شاره‌دێی نه‌بی شیتی سه‌ر به پارێزگای به‌عله‌به‌گ - هه‌رمه‌ل، له نزیك سنووری نێوان لوبنان - سووریا.
سه‌باره‌ت به پێگه‌ی دووه‌میش، به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه ئیسرائیلییه‌كان، تۆڕی هه‌واڵی فۆكس نیوزی ئه‌مه‌ریكی دزه‌ی به زانیارییه‌كان كردووه و له هه‌واڵێكدا ئاشكرایكردووه، كه پێگه‌یه‌كی ئێرانی له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا له نزیك سنووری عێراق هه‌یه و ژماره‌یه‌ك كۆگای هه‌ڵگرتنی مووشه‌كی زیره‌كی ئێرانی له‌خۆ ده‌گرێت، كه بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئیسرائیل ئاماده‌كراون.
به‌ر له ماوه‌یه‌ك، ئیسرائیل له زنجیره‌یه‌ك هێرش و بۆردوماندا چه‌ند پێگه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له عێراق، هێزه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران له سووریا و حزبوڵڵای لوبنانی له لوبنان كرده ئامانج و زیانی زۆری لێكه‌وته‌وه، به‌ڵام جگه له حزبوڵڵا، هیچ كامێك له حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران وه‌ڵامی هێرشه‌كانی ئیسرائیلی نه‌دایه‌وه.
H.B