ئۆتۆمبێلێک دەکەوێتە چاڵێک و شۆفێرەکەی گیان لەدەست دەدات

رێگاکە بۆ کاری نۆژەنکردنەوە داخراوە

K24 – کۆیە:

لە رووداوێکی هاتووچۆدا، لە سەر رێگای کۆیە – دێگەڵە کە رێگاکە لەژێر چاککردن و نۆژەنکردنەوەدایە و هاتوچۆ تیایدا قەدەغە کراوە، پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا  و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیو کەوتە یەکێک لەو چاڵانەی بۆ نۆژەنکردنەوەرێگای نێوان کۆیە – دێگەڵە ئامادەکراوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێشمەرگەیە.

پێشتر قایمقامیەتی قەزای کۆیە لە بڵاوکراوەیەکدا داوای لە شۆفێران کردبوو، رێگای کۆیه - دێگەڵە لەژێر نۆژەنکردنەوە دایە و بۆ شۆفێران رێگای جێگرەوە دیاری کراوە و تا تەواو بوونی نۆژەنکردنەوەکە ، ناتوانن رێگاکە بۆ هاتووچۆ بەکاربهێنن.

ناوەڕاستی مانگی حوزەیران ، نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە ــ دێگەڵە ، بە گوژمەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دینار کەوتە بواری جێ بەجێ کردنەوە، بەو هۆیەوە هاتوچۆ لەو رێگایەوە وەستێنرا تا تەواوکردنی پڕۆژەکە کە سێ مانگ دەخایەنێت.

H.J