شاندێكی باڵای ھەدەپە سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات

شاندی ھەدەپە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كوردستان كۆ دەبێتەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ شاندێكی باڵای پارتیی دیموكرتی گەلان (ھەدەپە) سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی حزبی و حكوومی ھەرێمی كوردستان  كۆ دەبنەوە.

پارتیی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ شاندێكی باڵای ھەدەپە، كە لە سەزای تەمەللی، ھاوسەرۆكی ھەدەپە و بەردان ئۆزتورك، ھاوسەرۆكی كەجەدە و ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكەی ھەدەپە پێك دێت، سەردانی ھەولێر دەكات و لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی حزبی و حكوومیی ھەرێمی كوردستان  كۆ دەبنەوە.

 ئاماژە بەوەش كراوە، شاندەكەی ھەدەپە چوار رۆژ لە ھەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە.

عابد ئیکە، نوێنەری ھەدەپە لە ھەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "سەردانی شاندی ھەدەپە بۆ ھەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تاووتوێكردنی سیاسەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانە، كە پێویستە رەوشی كوردان لە ناوچەكە تاووتوێ بكرێت".

لە وەڵامی پەیامنێری كوردستان24، كە ئایا شاندەكە سەردانی قەندیل دەكات؟، نوێنەری ھەدەپە گوتی: "ئێستا شاندی ھەدەپە ناتوانێت بچێتە قەندیل، چونكە چەند ساڵێكە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا وەستاوە و لەم رەوشەدا ھاووڵاتیانی سڤیلیش ناتوانن سەردانی قەندیل بكەن، شەو و رۆژ فڕۆكەكانی توركیا لەسەر قەندیلن".

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر لەبارەی شاندی ھەدەپە بۆ ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "شاندەكەی ھەدەپە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ھەرێمی كوردستان باس لە بارودۆخی ناوچەكە و پەیوەندییەكان دەكەن".