سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵ ده‌كات

جه‌خت له‌ یەكوتاری و هەماهەنگیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا كرایه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ڕۆژی یەكشەممە 8ـی 9ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی و مامۆستا مەلا حەسەن ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، لە دیدارەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا.

هەر لەو دانیشتنەدا جەخت لە پێویستی هەماهەنگیی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیان و بەدیهێنانی بەكڕیزیی نیشتیمانی كرایەوە.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر پێویستیی یەكوتاری و هەماهەنگیی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا هاوڕا بوون.

پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.

ئ. م

Fly Erbil Advertisment