ده‌ركه‌وتنی سه‌در له‌نێوان خامنه‌یی و سوله‌یمانی مشتومڕی ناوه‌ته‌وه
"هه‌ر چه‌نده ئاسووده ده‌رنه‌كه‌وتووه، به‌ڵام له پێگه و سه‌نگی خۆی كه‌مكرده‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
ده‌ركه‌وتنی له‌ناكاوی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له نێوان عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، له‌ناو عێراقییه‌كاندا مشتومڕی زۆری ناوه‌ته‌وه، چونكه واده‌ركه‌وتووه سه‌در په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئێران نه‌بێت و به‌رده‌وام ره‌خنه‌ی له ده‌ستوه‌ردانه‌كانی تاران ده‌گرت، ته‌نانه‌ت زۆرێك له میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران به "میلیشیا دزێو و پیسه‌كان" ناوده‌برد.
رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو ئاژانسی هه‌واڵی فارس وێنه‌ی موقته‌دا سه‌دری بڵاوكرده‌وه كاتێك له‌نێوان خامنه‌یی و سوله‌یمانی دانیشتووه. هاوكات پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی سه‌ر به ره‌وتی سه‌در وێنه‌ی رێبه‌ره‌كه‌یان بڵاوكردبووه‌وه كاتێك له شاری قومی ئێران خواردن دابه‌ش ده‌كات و نوسیوویانه، سه‌ردانه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در سیاسیی نییه و تاكه كه‌سییه".
به‌ڵام له‌ناو ره‌وتی سه‌در و ده‌ره‌وه‌ی ره‌وته‌كه‌ش راوبۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنه له‌ناكاوه‌كه‌ی سه‌در هه‌یه له نێوان رێبه‌ری باڵای ئێران و فه‌رمانداری سوپای قودسدا، هه‌ندێك ده‌ڵێن سه‌در له‌و شوێنه‌دا وه‌ك رێبه‌رێك ده‌ركه‌وتووه كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق ده‌پارێزێ. به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه پێیانوایه "موقته‌دا سه‌دریش وه‌ك سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی شیعه ملكه‌چی هه‌ژموونی ئێران بووه و چووه‌ته ژێر ركێفی تاران، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی گرووپه چه‌كداره‌كانی دیكه‌ی شیعه كردیان".
هه‌ر چه‌نده ئه‌و هه‌ڵایه‌ی له ده‌ركه‌وتنی كه‌وتووه‌ته‌وه هێشتا هیچ وشه‌یه‌كی به سه‌در نه‌دركاندووه، به‌ڵام حاكم زاملی كه سه‌ركرده‌یه‌كی ره‌وته‌كه‌یه‌تی ده‌ڵێت: "سه‌در له حوسه‌ینیه‌یه‌كی تاران به‌شداریی له ماته‌می ئیمام حوسێن كردووه، به رێككه‌وت خامنه‌یی و سوله‌یمانی بینیوه له‌وێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌در په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی دراوسێ هه‌یه و هه‌موو لایه‌كیش رێزی هه‌ڵوێسته نیشتمانییه‌كانی ده‌گرن".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ریاز سعوودی، په‌رله‌مانتاری سائیروون ده‌ڵێت: "په‌یوه‌ندی عێراق به ده‌وروبه‌رییه‌وه له‌پاش رووخاندنی رژێمی سه‌ددام حسێن تا ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بنه‌مای دراوسێیه‌تی باش و رێزگرتن له سه‌روه‌ریی یه‌كتری بووه، هیچ كاتێك په‌یویه‌ندییه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته قۆناخی دابڕان، سه‌ردانه‌كانی سه‌دریش بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر سێ بنه‌ما و پره‌نسیپه (رێزگرتن له دراوسێیه‌تی، پارێزگاریی له سه‌روه‌ریی، په‌ره‌دان به توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندی نێوان گه‌لان) ئه‌وه‌ش زمانی به‌ھێزه‌كان و باوه‌ڕدارانه به پرۆژه‌ی عێراقی و ده‌سته‌به‌ربوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل".
به‌ڵام چالاكوانێكی پێشووی ره‌وتی سه‌در به‌ناوی غه‌یس ته‌میمی كه به ره‌خنه‌كانی به‌رامبه‌ر ئێران ناسراوه، نیگه‌رانه و به‌داخه‌وه‌یه بۆ ده‌ركه‌وتنی موقته‌دا سه‌در به‌و جۆره‌ی بینرا و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی له‌ژێر پێی رێبه‌ری ئێران دا‌نیشێت، ناتوانێت ببێته تاجی سه‌ر سه‌ری عێراقییه‌كان".
غه‌یس رووی قسه‌كانی ده‌كاته موقته‌دا سه‌در و ده‌ڵێت: "هه‌رچه‌نده ئاسووده ده‌رناكه‌ویت له وێنه‌كه‌دا، به‌ڵام پێگه و نرخی خۆت لای عێراقییه‌كان كه‌مكردووه".
له‌باره‌ی تویته‌كه‌ی قاسم سوله‌یمانی و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ش ده‌ڵێت: "عێراق له‌وه گه‌وره‌تره چاوی ته‌ماحتان تێبڕیوه جه‌نابی جه‌نه‌راڵ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای وڵاتیش له وێنه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتنایه، عێراق سه‌خت و هه‌مه‌جۆره، ده‌بێت راستییه‌كه قه‌بووڵ بكه‌یت و پردی په‌یوه‌ندیی برایانه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق درووست بكه‌ن، با وه‌همه سیاسییه‌كان كه پێش تۆش هه‌ره‌سیان هێناوه فێڵت لێ نه‌كه‌ن".
دكتۆر ئیحسان شه‌مه‌ری، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری هزری سیاسی روونیكردووه‌ته‌وه كه "ده‌ركه‌وتنی سه‌در لای شوێنكه‌وتوو و لایه‌نگرانی و ده‌سته‌بژێری ئاراسته سیاسییه جیاوازه‌كانیش له‌ناكاو بووه، چونكه پێیانوابوو سه‌در له‌گه‌ڵ ئاراسته سیاسییه‌كانی ئێران له عێراق یه‌كناگرێته‌وه".
شه‌مه‌ری به رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی گوتووه: "ده‌ركه‌وتنی سه‌در به‌وجۆره چه‌ند په‌یامێكی هه‌یه، یه‌كێك له‌وانه رۆیشتنێتی به‌ره‌و سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگ، به‌تایبه‌تی پێشتر زۆر تۆمه‌تبار ده‌كرا به نزیكبوونه‌وه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی كه‌نداو".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌وپێیه‌ی سه‌در پاڵپشتیكار و چاودێری حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدییه، له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان له‌باره‌ی ئایینده‌ی حكوومه‌تی عێراق گفتوگۆ بكات. ئێمه ده‌زانین سه‌در ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یداوه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته حكوومه‌ت به‌ده‌ستی نه‌هێنێت به‌رده‌وام نابێت، بۆیه ئه‌گه‌ری هه‌یه سه‌در خۆی بۆ سیناریۆكانی دیكه ئاماده بكات".
شه‌مه‌ری نازانێت له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ركه‌وتنی سه‌در له‌گه‌ڵ خامنه‌یی و سوله‌یمانی چی ده‌بێت، به‌ڵام پێیوایه زۆر زۆریش ناخایه‌نێێت و سه‌در هه‌ڵوێستی خۆی روون ده‌كاته‌وه كه ئایا له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی پێشووی ماوه به‌رامبه‌ر به ئێران، یان ئه‌ویش چووه‌ته خانه‌ی پاڵپشتیكارانی تارانه‌وه".
كه‌ریم نووری، سه‌ركرده‌ی رێكخراوی به‌در، ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له ده‌ركه‌وتنی سه‌در ده‌گرن له‌گه‌ڵ خامنه‌یی، سیاسه‌ت به‌سۆزی هه‌ڵوێسته‌كانی پێشووه‌وه ده‌كه‌ن، سه‌ردانی سه‌در بۆ لای ئێرانییه‌كان له‌وكاته‌ی گرژییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران په‌ره‌یسه‌ندووه، ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی سه‌دره بۆ دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له سیاسه‌تی میحوه‌ربه‌ندی و تێوه‌نه‌گلان له‌ململانێكانی ئێستا".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێران ژیرانه كار بۆ نزیكبوونه‌وه له سه‌ركرده‌كانی عێراق ده‌كات و سه‌نگی جه‌ماوه‌ریی موقته‌دا سه‌دریش باش ده‌زانێت. موقته‌دا سه‌در له‌ناوه‌وه‌ی وڵات به‌هێز بووه و ده‌یه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ش بوونی خۆی بسه‌لمێنێ، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه زۆر لایه‌ن هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ده‌ره‌وه خۆیان به‌هێز بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بوونی خۆیان له ناوه‌وه بسه‌لمێنن".