گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی داوا ده‌كات ئه‌فسه‌رێكی سوپا فه‌رمانده‌ییان بكات
داوایه‌كیان ئاراسته‌ی وه‌زیری به‌رگری كردووه

K24 - هه‌ولێر:
گرووپی چه‌كداری عه‌باس، كه فه‌سیڵێكی حه‌شدی شه‌عبییه، داوایه‌كی ئاراسته‌ی وه‌زیری به‌رگری عێراق كردووه، فه‌رمانده‌یی هێزه‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراقه‌وه بێت.
گرووپی عه‌باس، داواكه‌یان ئاراسته‌ی نه‌جاح شه‌مه‌ری، وه‌زیری به‌رگری عێراق كردووه و تێیدا ئاماژه به‌وه‌كراوه، له سه‌ردانی فه‌رمانده‌یی گروپه‌كه، بۆ لای وه‌زیری به‌رگری، كۆمه‌ڵێك ورده‌كاریی له باره‌ی چۆنیه‌تی فه‌رمانده‌ییكردنی هێزه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراقه‌وه باس كراوه.
ئه‌و گرووپه له ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له عێراق نزیكه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا باس له ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ده‌كات له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری و راده‌گه‌یه‌نێت، داوایان كردووه وه‌زیری به‌رگری ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراق فه‌رمانده‌یی هێزی بژارده‌ی گرووپه‌كه بكات، كه له سه‌رجه‌م شه‌ڕه‌كاندا له دژی داعش به‌شداری كردووه.
ئه‌وه‌ش وه‌ك پێشوازییه‌كه له بڕیاری عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بۆ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی گرووپه چه‌كدارییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق، به‌ڵام هه‌ندێك له‌لیواكانی حه‌شد پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ستاونه‌ته‌وه.
ئ. م