ئاو هەڕەشە لە گەورە شارێکی جیهان دەکات
هەفتەی داهاتوو نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو پرسە کۆدەبێتەوە
K24 – ههولێر:
جاكارتای پایتەختی ئیندوونیسیا بە یەكێك لەو شارانە دادەنرێت كە بە خێراییەکی زۆری رووبەڕووی نووقمبوونی ئاو دەبێتەوە، چونكە ئاوی دەریای باكووری شارەكە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە و سەرجەم بینا و رێگاوبانەكانی نووقمی ئاو كردووە.
سەرۆكی ئیندوونیسیا رایگەیاندووە، دەبێت دیوارێك لە دەریاكە بۆ رێگریگرتن لە نووقمبوونی شارەكە دروستبكرێت، تا ئەو كاتەش بڕیار دراوە جاكارتای پایتەخت بۆ ناوچەی كالیمانتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر دانیشتووان و ئابووری وڵاتەكە نەمێنێت.
لەوبارەوە، هەفتەی داهاتوو نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە، مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرما بابەتێکی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەر لە کۆبوونەوەکان رایگەیاند: "جیهان بە خێرایی لە گۆڕاندایە و قەیرانی کەشوهەوا چەندین لێکەوتەی نەرێنی لێکەوتووەتەوە، پێویستە چارەسەری بەپەلەی بۆ بدۆزرێتەوە".
هاوکات بەهۆی گەرمبوونی زەوی و توانەوەی بەستەڵەکی جەمسەرەکان ئاستی دەریا و زەریاکان لە بەرزبوونەوەدایە، بەو هۆیەوە چەندین شاری گەورەی جیهان لە ژێر هەڕەشەی ژێر ئاوکەوتندان.
Gulf News
H.J