"بڕیاری زیندانیكردنی دەمیرتاش و یۆكسەكداخ نایاساییە"

تەمەللی: دادگای توركیا لەژێر فشاری سیاسی بڕیارەكەی داوە

K24 - ئەنقەرە

ھاوسەرۆكی ھەدەپە رایدەگەیەنێت، بڕیاری دادگا بۆ زیندانیكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداخ نا یاساییە و بۆ رێگریكردنە لە ھەوڵەكانی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا.

سەزای تەمەللی، ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بڕیاری دادوەری ئەنقەرە نایاساییە و لە ئەنجامی فشاری سیاسی بڕیارەكەی داوە".

ئاماژەی بەوەش كرد "دادگای توركیا بۆ وەستاندنی ھەوڵەكانی دادگای ئەوروپا بڕیارەكەیداوە و زیندانیكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداخ تەواو نا یاساییە".

دوای ھەوڵەكانی داواكاری گشتی ئەنقەرە ئێوارەی دوێنێ 20/9/2019، دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ھەر یەك لە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداخ، ھاوسەرۆكانی پێشووی ھەدەپە دەركرد، بەڵام ھێشتا دیار نییە ئاخۆ بە چەند ساڵ زیندانیكردن سزا دراون.

پارێزەرانی دەمیرتاش ئاماژە بەوە دەكەن، داواكاری گشتی كۆماری ئەنقەرە جارێكی دیكە، بە بیانووێكی دیكە سەردانی دادگای كردووە و داوای كردووە، دەمیرتاش ئازاد نەكرێت.

ئەوەشیان خدستەڕوو، دوای بڕیاری دادگا "ھیچ ئاستەنگێك لەبەردەم ئازادكردنی دەمیرتاش نەمابوو و ھەوڵەكانی داواكاری گشتی دژی بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ و یاسان و داوا لە وەزیری داد دەكەن، بەرامبەر ئەو جۆرە ھەوڵ و بڕیارانە بێدەنگ نەبێت. دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە، لەو دۆسیەیەدا كە نزیكەی سێ ساڵە دەمیرتاشی بەھۆیەوە راگیراوە و دادگایی دەكرێت، بڕیاری ئازادكردنی دابوو، بەڵام لەبەر دۆسیەیەكی دیكە دەمیرتاش ئازاد نەكرا.

پێشتر دادگا داواكارییەكی دیكەی داواكاری گشتی بۆ زیندانیكردنی رەتكردبووەوە.

ھ.م