پۆلیسی راپه‌ڕین: ئێستا سه‌رقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی شه‌ڕی نێوان دوو گوندی بناری قهندیلین
له شه‌ڕه‌كه‌دا كه‌سێك كوژرا و دووانی دیكه‌ش برینداربوون
K24 - رانیه:
پۆلیسی راپه‌ڕین به كوردستان 24ی راگه‌یاند، دوای شه‌ڕه ته‌قه‌ی نێوان دانیشتووانی دوو گوندی بناری قه‌ندیل، هێزه‌كانی پۆلیس له هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه‌دان و ئێستا دۆخه‌كه هێوربووه‌ته‌وه.
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوته‌بێژی پۆلیسی راپه‌ڕین به كوردستان 24ی راگه‌یاند، دوێنێ سێشه‌ممه، 24ی ئه‌یلوولی 2019، له‌سه‌ر پووش و پاوان، شه‌ڕه ته‌قه له نێوان دانیشتووانی گونده‌كانی قه‌ڵاتووكان و ده‌شتێوان درووست بوو، به‌هۆیه‌وه كه‌سێك كوژرا و دوو كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
راشیگه‌یاند، هێزه‌كانی پۆلیس راسته‌وخۆ دوای رووداوه‌كه، هه‌وڵیانداوه كۆنتڕۆڵی بكه‌ن، ئێستاش دۆخه‌كه هێوربووه‌ته‌وه.
چه‌ند كه‌سێكیشیان له هه‌ردوو لایه‌ن ده‌ستگیركردووه و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیش له‌لایه‌ن دادوه‌ره بۆ چه‌ند كه‌سێكی دیكه ده‌رچووه.
هه‌ردوو گونده‌كه له بناری قه‌ندیلن و سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ری قه‌زای پشده‌رن.
به گوێره‌ی شایه‌تحاڵانیش، كاتێك هێزه‌كانی پۆلیس بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه چوونه‌ته نزیك گونده‌كان، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌وه رێگریان لێكراوه بچنه ناو گونده‌كان.
ئ. م