ئه‌مه‌ریكا دژه‌مووشه‌كی پاتریۆت له سعوودیه بڵاوده‌كاته‌وه
پنتاگۆن: هێزی زیاتری به‌رگری له سعوودیه بڵاوده‌كه‌ینه‌وه
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پنتاگۆن" رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی توانا سه‌ربازییه‌كانی، ئه‌مه‌ریكا سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی پاتریۆت و 4 رادار له جۆری "سنتینل" له‌گه‌ڵ 200 پسپۆڕی بواری چاككردنه‌وه له سعوودیه بڵاوده‌كاته‌وه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، له به‌یاننامه‌یه‌كی پنتاگۆندا له‌مباره‌یه‌وه هاتووه، جگه له‌مه‌ش توانای دیكه‌ی به‌رگری بۆ بڵاوكردنه‌وه له سعوودیه ئاماده‌كراون، بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی روودانی هه‌ر گرژییه‌ك به‌زووترین كات پشتی پێ ببه‌ستن.
پێشتریش دوای هێرشی سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆ، كه په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ ئێران درێژ ده‌كرێت، پنتاگۆن رایگه‌یاندبوو، پلان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی توانای زیاتری به‌رگری له سعوودیه داده‌ڕێژن.
H.B