له سنه 9 به‌كاربه‌ری تێلیگرام ده‌ستگیركران
وەک کردەوەی تیرۆریستی هه‌ژمار ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان 9 رۆژنامەنووس بە هۆی بڵاو کردنەوەی گەندەڵیی بەرپرسانی ئەو پارێزگایەوە دەستبەسەر کران.
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سنە رایگەیاند، 9 کەس لە بەڕێوەبەرانی که‌ناڵێکی تێلیگرام، کە تایبەت بووە بە لە قاودانی کردەوەی بەرپرسانی ئەو پارێزگایە دەستبەسەر کراون.
بە گوتەی فەرماندەی پۆلیسی سنە، 15 کەسایەتی و 10 دامەزراوە لە دژی ئەو که‌ناڵە تێلیگرامییە سکاڵایان تۆمار کردووە.
بەڕێوەبەرانی که‌ناڵی لەقاودانی کردەوەی بەرپرسان، بە بڵاو کردنەوەی درۆ، تۆمەت لێدان، ناوزڕاندن، تێکدانی ئاسایشی گشتی، دڵ‌سارد کردنەوەی خەڵک لە حکوومەت، پەیوەندیی لەگەڵ گرووپەکانی ده‌رەوەی وڵات و جووڵانەوە لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبار کراون.
فەرماندەی پۆلیسی سنە راشیگەیاندووە، کردەوەی ئەو که‌ناڵە بە هۆی بڵاو کردنەوەی ناوی ئەو کەسانەی سەر بە حکوومەت بوون وەک کردەوەی تیرۆریستی هه‌ژمار ده‌كرێت.