ھەدەپە داوای گۆڕینی یاسای تیرۆر لە تورکیا دەکات

پێویستە چاکسازی لە دادگاکانی توركیا بكرێت

K24 - ھەولێر

سەزای تەمەللی هاوسەرۆکی هەدەپە داوای گۆڕینی یاسای تیرۆر لە تورکیا دەکات و رایدەگەیەنێت، پێویستە چاکسازی لە دادگاکانی توركیا بكرێت.

سەزای تەمەللی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک کۆمەڵە لە شاری ئیستانبوڵ رایگەیاند "پێویستە چاکسازی لە دادگاکان ئەنجام بدرێت و دەستووری تورکیاش بە رێککەوتنی کۆمەڵایەتی هەموار بکرێتەوە".

تەمەللی، گوتیشی "لە رێگەی یاسای تیرۆر لە تورکیا مافی بەشێکی زۆری هاووڵاتیان خوراوە و پێویستە ئەو یاسایەش بگۆڕدرێت".

داواشی لە پەرلەمانتاران کرد، ئەرک و مافی خۆیان بزانن و نەکەونە ژێر کاریگەری داواکارییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا.

ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ لیژنەی گشتی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و دواتر وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمان ئەو وڵاتە دەستپێدەکات.

بڕیاریشە لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشدار بێت و چاکسازی لە دادگاکانیش گرنگترین ئەو بابەتانە دەبێت کە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە دەکات.

ھ.م