زێباری: به‌ڵێنه‌كانی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق نالۆژیكین
باسی بوودجه‌ی 2020 ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشووتری دارایی عێراق له‌باره‌ی خۆپیشانده‌كانی به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و به‌ڵێنه‌كانی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق رای خۆی ده‌ربڕیووه و ده‌ڵێت: "به‌ڵێنه‌كانی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق (سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران) نا لۆژیكین و ناتوانرێت جێبه‌جێ بكرێن.
زێباری له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فهیسبووكهوه بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه نوێیه‌ی عێراق و په‌ره‌سه‌ندنی خۆپیشاندان و گرژییه‌كان خستووه‌ته روو و له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كان قسه‌ی كردووه كه به خۆپیشانده‌ران ده‌درێت.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی زێباری وه‌زیری پێشووتری دارایی عێراق بووه و ئاگاداری ره‌وشی دارایی حكوومه‌ته ده‌ڵێت: "ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی بۆ هێوركردنه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ده‌درێن وه‌ك (خوڵقاندنی ده‌رفه‌تی كار بۆ بێكاران و ده‌رچووان، پاڵپشتیكردنی دارایی خێزانه هه‌ژاره‌كان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، خه‌رجكردنی بوودجه بۆ خه‌ڵك) پێچه‌وانه‌ی واقیعی دارایی و ئابووری عێراقه. بوودجه‌ی ساڵی 2020ـی عێراق زیاتر له 30 ملیار دۆلار كورتهێنانی هه‌یه. به‌ڵێنه‌كان لۆژیكی نین و ناتوانرێت جێبه‌جێ بكرێن" داواش له سه‌ركرده‌كانی عێراق ده‌كات هه‌ست به‌و واقیعه بكه‌ن و به‌گوێره‌ی پێویست لۆژیكیی بیربكه‌نه‌وه".
بۆ دامركاندنه‌وه‌ی توڕه‌یی خۆپیشانده‌رانی عێراق، سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق چه‌ندین به‌ڵێنیان به خۆپیشانده‌ران داوه بۆ ئه‌وه‌ی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك باش بكرێت، به‌ڵام هێشتا ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كۆتاییان نه‌هاتووه و به‌گوێره‌ی دوایین ئامار ژماره‌ی كوژراوان بۆ سه‌رووی سه‌د كه‌س و بریندارانیش بۆ هه‌زاران كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه.