ئهنجامی وهرگرتنی قوتابیانی 12ی ئامادهیی پهسند كرا
رێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا پهسند كران
K24 – ههولێر:
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، بەپەسەندکردنى رێنماییەکانى ماستەرو دکتۆرا لەمەودوا لە رێگەی پلانەکانی خوێندنەوە دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین، بۆ ئەوەی دەرچوانیش بتوانن کاتەکانیان بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییەکانیان لەناوخۆى هەرێم بەکاربهێنن.
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنى وەزارەت بەسەرۆکایەتى ئارام محهمهد قادر سەرۆکى ئەنجوومەن و ئامادەبونى سەرۆک زانکۆ حکومییەکان کۆبوونەوەى تەواوکارى ژمارە (5) ساڵى 2019ى لەشارى سلێمانى ئەنجامداو چەند تەوەرو بابەتێکى پەیوەست بە پێشخستنى رەوشى خوێندنى باڵاى کوردستان بڕیاریان لێوەدرا. لە گرنگترین بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزارەت:
کۆنوسى لێژنەى سێنتەرەکانى زمان پەسەندکرا:
سەبارەت بە پەسەندکردنى کۆنوسى لێژنەى سەرپەرشتیکردنى سێنتەرەکانى زمان بەمەبەستى پێداچونەوە بە مەرج و رێنماییەکانى زمانى ئینگلیزى لە کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و سەرپەرشتى کردنى کاروبارى سێنتەرەکان، ئاماژە بۆ ئەوە کرا کۆنوسەکان لەبەرژەوەندى خوێندکاران و هەمو ئەو کاندیدانەیە کە سەرقاڵى ئەم پرۆسەیەن، بۆ ئەمەش د. محمد حوسێن سەرۆکى لێژنەى پێداچونەوە بە رێنمایەکانى زمانى ئینگلیزى ئاماژەى پرۆگرامەکانى خوێندن و تاقیکردنەوەى دیاریکردنى ئاست و خولى راهێنان و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى کۆتایى و هەڵسەنگاندنى کۆتایى خولەکان و تاقیکردنەوەى کۆتایى و دانانى پرسیار و لێژنەى تاقیکردنەوەکان و لێژنەى راستاندن و گازاندەو کاتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى کۆتایى کردو بۆ ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزارەتى خستەڕوو.
ڕێنماییەکانى کردنەوەى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا پەسەندکران:
لەبارەى کردنەوەى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، دواى راگۆڕینەوەى ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزارەت و گفتوگۆکردن لەسەر یەکە بە یەکەى بڕگە و مادەکانى پەیوەست بە پوختەى رێنماییەکانى ماستەرو دکتۆرا لەوانە (مهرجی تێكڕای نمره (معدل)، مهرجی توانستی زمانی ئینگلیزی، مهرجی تاقیكردنهوهی توانستی زانستی، مهرجی تهمهن، مهرج و پێداویستی كردنهوهی ماستهر و دکتۆرا له زانكۆكان، پێشكهشكاری دهرهوهی شارهكانی ههرێمی كوردستان و دهرهوهی عێراق، پێداویستیه زانستییهكانی خوێندن، پلان و ژمارهی كورسیهكان ... هتد) تاوتوێکران، دواتریش ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنماییەکانى ماستەرو دکتۆراى پەسەندکرد.
بۆ پەسەندکردنى رێنماییەکانیش د. ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، لەمەودوا و لە رێگەی پلانەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە دەتوانین دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانیان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان.
وابڕیارە لەداهاتویەکى نزیکداو دواى پوختکردنى رێنماییەکان بەو گۆڕانکارییانەى لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارى لێدرا، رێنماییەکان بڵاودەکرێتەوە بۆ ئەوەى خوازیاران بتوانن ئاشنای تەواوى رێنماییەکان بن و خۆیان بۆ خوێندنى ماستەرو دکتۆرا ئامادەبکەن.
ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى دوانزەى ئامادەیى پەسەندکرا:
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران/ قوتابیانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2019-2020) پەسەندکرا. واش بڕیارە لە داهاتویەکى نزیکدا ئەنجامى وەرگرتن رابگەیەنرێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و تەوەرێکى دیکەى پەیوەست بە بوارى زانستى و خوێندکاران و کارگێڕى پەیوەست بە زانکۆکان و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان و داواکارى و پێشنیازى مامۆستاو فەرمانبەر و هاووڵاتیان گفتوگۆى لەبارەوە کراو بەپێى پەیوەندى و لە چوارچێوەى یاساو رێنماییە کارپێکراوەکان بڕیاریان لێدرا.