ئێران دژی ھێرشی توركیایە بۆ سەر باكووری سووریا
ئێران داوای پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سووریا دەکات
K24 - ھەولێر
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا شەوی رابردوو لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە بارەی پرسی سووریا قسەیان كرد.
بە پێی میدیاكانی ئێران وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندووە "ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە خاكی سووریا كاتی دەبن و توركیاش ئامانجی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سووریایە".
جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش نیگەرانی وڵاتەكەی لە بارەی ھێرشی توركیا بۆ سەر خاكی سووریا بە ھاوتا توركەكەی راگەیاندووە و دەشڵێت "ئێران دژی ھەر ئۆپەراسیۆنێكی توركیایە لە خاكی سووریا و پێویستە رێز لە سەروەری خاكی سووریا بگیردرێت".
زەریف راشیگەیاندووە "بۆ پاراستنی ئاسایش و گەرانەوەی سەقامگیری بۆ سووریا پێویستە رێككەوتنی ئادانا جێبەجێبكرێت".
ھ.م