رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌ڵمانی: پوتن به‌بێ شهر له سووریا سه‌ركه‌وت
"چیتر ناتۆ ناتوانێت خاوه‌نی ئه‌و هه‌یبه‌ته بێت كه پێشتر هه‌یبووه"
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "دی فێڵت"ـی ئه‌ڵمانی گوتارێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا ئاماژه به‌وه كراوه، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا به‌بێ شه‌ڕ له سووریا سه‌رده‌كه‌وێت.
گوتاره‌كه كه له‌لایه‌ن میخائیل شتۆرمهر، شرۆڤه‌كاری رۆژنامه‌كه‌وه نووسراوه، نووسه‌ر جه‌خت ده‌كاته‌وه، "سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا كه زۆربه‌یان سه‌ر به هێزی تایبه‌تن و به فه‌رمانی سه‌ركرده‌كه‌یان له ناوچه‌كه ده‌كشێنه‌وه، كاتێك ده‌بینن كه سه‌ربازانی رووسی به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه به هه‌مان رێگادا ده‌ڕۆن، ئاماژه‌گه‌لێكی زۆر هه‌ڵده‌گرێت".
وه‌ك شتۆرمهر ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، "سه‌رۆكی رووسیا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه به‌ده‌ست ده‌هێنێت، كه زۆربه‌ی سه‌ركرده سه‌ربازیه ژیره‌كان به درێژایی مێژوو خه‌ونیان پێوه بینیوه، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی پوتن سه‌ركه‌وتنێكی به‌بێ جه‌نگه".
شرۆڤه‌كاری ئه‌و رۆژنامه‌یه له‌و باوه‌ڕه‌دایه، "ماوه‌یه‌كی درێژه پوتن هه‌ر له گۆڕانی هێڵه‌كانی هێزی جیۆسیاسی له نێوان ده‌ریای به‌ڵتیك و ده‌ریای ره‌ش سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه. ئێستاش دوای بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، هیچ لایه‌نێك رێگری ناكات، نه چین و نه ئه‌مه‌ریكا و ته‌نانه‌ت ناتۆش رێگری ناكه‌ن له‌وه‌ی پوتن له یارییه گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموون له وڵاتانی دراوسێ به‌رده‌وام بێت بۆ بردنه‌وه‌ی ئه‌و یاریه‌ی كه له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1989-1990 رووسیا له‌ده‌ستی دابوو، ئه‌مه گۆڕانێكی ریشه‌ییه بۆ دۆخه‌كه".
نووسه‌ر به‌وه گوتاره‌كه‌ی كۆتایی ده‌هێنێت، كه "ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ئه‌وه‌یه، له‌مه‌ودوا ناتۆ ناتوانێت به‌و هه‌یبه‌ته‌وه بمێنێته‌وه، كه له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا له سه‌رده‌می جه‌نگی سارد له چاوی ئه‌وروپییه‌كانه‌وه هه‌یبوو بۆ پاراستنی ئاسایش و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رفراوان".
H.B