هه‌ڵوێستی نوێ له توركیاوه
رووسیا به‌ڵێنێكی دیكه به توركیا ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا دوا هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر رۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا) خسته‌ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نێت، لارییان له‌وه نییه سوپای سووریا رۆڵی هه‌بێت له دوورخستنه‌وه‌ی "كورد" له سنووره‌كان.
مه‌ولود چاوشئۆغلو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ بی بی سی به‌ریتانی رایگه‌یاند، رووسیا به‌ڵێنی دوورخستنه‌وه‌ی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه)ی داوه.
چاوشئۆغلو ده‌ڵێت: "رووسیا به‌ڵێنی پێداین، كه پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) له‌سه‌ر سنووره‌كان بوونیان نه‌بێت".
گوتیشی: "ئێمه لاریمان له‌وه‌دا نییه رووسیا شانبه‌شانی سوپای سووریا بێن و رۆڵ له دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه ببینن له‌سه‌ر سنووره‌كان".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایگه‌یاند، پێویسته سوپای سووریا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ته‌واوی سنووری خاكه‌كه‌ی خۆیدا هه‌بێت له‌گه‌ڵ توركیا.
سه‌رچاوه: RT – Reuters
ئ. م