هه‌ر 12 خوله‌ك جارێك منداڵێكی یه‌مه‌نی گیان له‌ده‌ستده‌دات
به هۆی نه‌بوونی خۆراك و چاودێری ته‌ندرووستییه‌وه

K24 – هه‌ولێر:
نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له یه‌مه‌ن، ئه‌خیم شتاینه‌ر، رایگه‌یاند، هه‌ر 12 خوله‌ك جارێك منداڵێكی خوار ته‌مه‌ن پێنج ساڵی یه‌مه‌ن به هۆی نه‌بوونی خۆراك و چاودێری ته‌ندرووستییه‌وه گیان له‌ده‌ست ده‌دات.
شتاینه‌ر له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و كۆمپانیا و رێكخراوه جیهانییه‌كان ده‌كه‌ین فریای ره‌وشی منداڵانی یه‌مه‌ن بكه‌ون.
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له یه‌مه‌ن هه‌فته‌ی رابردوو رایگه‌یاندبوو، رێژه‌ی هه‌ژاری له یه‌مه‌ن له 2014دا %47 بووه و ئێستا ئه‌و رێژه‌یه به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ %75.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان راشیگه‌یاند، 24 ملیۆن هاووڵاتی پێویستیان به هاوكاری مرۆیی هه‌یه و 14 ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌سیش ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌یان پێ ناگات و 4 ملیۆن و نیویش به ده‌ست به‌دخۆراكییه‌وه ده‌ناڵێنن.