حكوومەت یاسای وەبەرھێنان دەنێرێتە پەرلەمان

"یاسا كۆنەكەی وەبەرھێنان بووەتە ھۆی دروستكردنی دەوڵەمەندی ھەڵتۆقیو"

K24 - ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەمزوانە هەمواری یاسای وەبەرهێنان دەنێرێتە پەرلەمان. دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان24ی راگەیاند، یاسایەکە هەموار دەکەنەوە بە تایبەت لەو رووەی پەیوەستە بە سزاکان. سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانیش هیواخوازە یاسا نوێیەکە وەک یاسا بەرکارەکە نەبێت.

لەساڵی 2006ەوە پەرلەمانی کوردستان یاسای وەبەرهێنانی پەسەندکردووە، یاسایەک لە قۆناغێکی دیاریکراودا بووە هۆی بووژانەوەی بەشێک لە ئابووری هەرێمی کوردستان و راکێشانی سەرمایەگوزاری بیانی، لە هەمانکاتیشدا کەم نین ئەو رەخنانەی ئاراستەی یاساکە دەکرێن بەوەی کە کەمترین گرینگی تیادا دراوە بە پاراستنی بەکاربەر و مافێکی زۆری داوەتە وەبەرهێنەر. ئەمانەش هەموو وایانکردووە حکوومەت بیر لە خستنەڕووی پێشنیازێک بۆ هەمواری ئەو یاسایە بکاتەوە.

پەرلەمانی کوردستان، ئێستا چاوەڕوانی هەمواری یاساکەیە، چونکە وەک سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێ "یاسا بەرکارەکە بووەتە هۆی درووستکردنی دەوڵەمەندی هەڵتۆقیو".

لەدوای ساڵی 2006ـەوە 868 پرۆژەی وەبەرهێنان بە بەهای 50 ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستان لە 10 سێکتەردا کراون.

بەپێی زانیارییەکان لە هەموارەکەدا بەپێی سێکتەرەکان گۆڕانکاری لە مۆڵەتداندا دەکرێت، هاوکات گۆڕانکارییش لە هەیکەلی دەستەی وەبەرهێنان دەکرێت و فەرمانگەیەکی بەدواداچوون و پلادانان دروست دەکرێت.

ھ.م