ھەڵەبجە بێ گرتووخانەیە
تاوانباران رەوانەی سلێمانی دەكرێن
K24 - ھەڵەبجە
ھەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی بووەتە پارێزگا، بەڵام تائیستا زیندانی تێدانیە و رۆژانە ھەر کەسێک بە ھەر تاوانێک دەھێنرێتە بنکەی پۆلیسی ھەڵەبجە دوای چەند رۆژێک لەمانەوە دەنێدرێتە چاکسازی گەورانی سلێمانی، ئەمەش بارگرانی بۆ کەسوکاری زیندانیان و پۆلیسی پارێزگاکە دروست کردوە.
لە ھەڵەبجە تەنھا بەشی گرتن و گواستنەوە ھەیە بۆ ئەو کەسانە کە تاوان ئەنجام دەدەن، ئەمەش کێشەی زۆری بۆ ئەم بەڕێوبەرایەتیە دروست کردووە، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە دەڵێت "بڕیاری دروستکردنی زیندانیەکی گەورە بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دراوە. بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایەوە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ماوەی پێنج ساڵە ھەڵەبجە بووەتە پارێزگا، بەڵام تائێستا جگە چەند ژورێکی راگرتن کە پێکدێت لە ژورێک بۆ نەوجەوانان و ژووری ژنان و دوو ژوور بۆ گەوران، نەبێت ھیچ زیندانێک لەم پارێزگا نییە، بەر لە دروست بوونی قەیرانی دارای ھەرێمی کوردستان روبەری 6 ھەزار مەتر زەوی بۆ دروست کردنی زیندانیەکی مۆدێرن لەم پارێزگایە دراوە. بەڵام تائیستا جێبەجێ نەكراوە.
ھ.م