فەرەنسا لە رەوشی عێراق نیگەرانە

نەتەوە یەكگرتووەكان داوا دەكات كێشەكان بە دیالۆگ چارە بكرێن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6a9a0c94-dfa2-421e-9ffe-67bcf73dee45/110719WVJ.ism/manifest

K24 - ھەولێر

حکوومەتی فەرەنسا لە هەڕەشەی سەر رۆژنامەنووسان و ترساندنیان بۆ رێگریکردن لە رووماڵی خۆپیشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق نیگەرانە. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە خۆپیشاندەران و حکوومەت دەکات، لەپێناو کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ئێستا رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بگرنەبەر.

حکومەتی فەرەنسا لە مەترسی و هەڕەشەکانی سەر رۆژنامەنووسان لە عێراق نیگەرانە و داواشدەکات، لەڕێگەی ئاشتیانەوە قەیرانی ئێسای عێراق چارەسەر بکرێت. هاوکات نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات، بەگوێرەی راپۆرتەکان تەقەکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق دژ بە خۆپیشاندەران بەردەوامە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێویستە خۆپیشاندەران و حکوومەتی عێراق لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان گفتوگۆ بکەن و رێگەچارەیەک بۆ قەیرانی ئێستای ئەو وڵاتە بدۆزرێتەوە.

سەبارەت بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەکان نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەداوە، ئەوان نیگەرانن و پێویستە هەمووان دان بەخۆیان دابگرن.

هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران دەکات، بەڵام ژمارەی کوژراوان و بریندارانی خۆپیشاندانەکان رۆژ بە رۆژ لە بەرزبوونەوە دایە، حکوومەتی فەرەنساش خۆپیشاندان بە مافی هاووڵاتییانی عێراق دەزانێت و جەختیش دەکاتەوە، رۆژنامەنووسان هەڕەشەیان لەسەرە.

ئەنبیبس فۆن دێر مول، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، پاریس سەرکۆنەی کردەوەکانی توندووتیژی لە خۆپیشاندانەکانی عێراق دەکات و داوای گفتوگۆی ئاشتیانە و دیموکراسیانە دەکات و بە مافی عێراقییەکانیشی دەزانێت، خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، نیگەرانی وڵاتەکەشی لە کردەوەکانی ترساندن و هەڕەشەکردن لە رۆژنامەنووسان لە عێراق دەربڕی و داواشیکرد، کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

لە چەند رۆژی رابردوودا خۆپیشاندەران لە شاری کەربەلا هەڵیانکوتایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە عێراق و دەستیان بەسەر کۆنسوڵخانەکە گرت، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، لەبەرامبەریشدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەماهەنگیان بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکان هەیە.

ھ.م