سبه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی باسی هه‌سه‌ده‌ ده‌كات

پلانی توركیا و رووسیا و دیمه‌شق له‌ رۆژئاوای كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش"، بابه‌تی رێككاره‌كانی رووسیا، توركیا و حكومه‌تی سووریا له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن.

به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنرێت، به‌ رۆژنامه‌نووسانی رایگه‌یاند، "سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ (14ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2019)، وه‌زیر و نوێنه‌رانی 35 وڵاتی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له‌ واشنتن كۆده‌بنه‌وه‌".

گوتیشی: "له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ پێشهاته‌كانی ره‌وشی سووریا و شه‌ڕی تیرۆر ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تیش پرسی هێرشه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا".

هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ڵوێستی وڵاتانی هاوپه‌یمان له‌ باره‌ی هاوبه‌شه‌كانمان له‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده‌) له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی ئه‌مه‌ریكا له‌ باكووری سووریا تاوتوێ ده‌كرێن".

روونیشیكرده‌وه‌، "پێش كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی بچووككراوه‌ ده‌كرێت، كه‌ وڵاتانی (بریتانیا، ئه‌ڵمانیا، میسر، ئه‌رده‌ن، سعوودییه‌، ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا) به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن و له‌ میانه‌یدا باس له‌ ره‌وشی سووریا و تێڕوانینیان بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سیاسی و ره‌وشی ئه‌منی و سه‌ربازی سووریا ده‌كرێت".

سه‌رچاوه‌: RT

ئ.ر