بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژە وەستاوەکان حکوومەت زۆرترین بودجە بە سلێمانی دەدات

به‌ وێنه‌ و به‌ڵگه‌.. ئه‌م پرۆژانه‌ ته‌واو ده‌كرێن

K24 - هه‌ولێر:

بەهۆی کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناچاربووە کارکردن لە نزیکەی 2 هه‌زار و 600 پرۆژەی خزمەتگوزاریی رابگرێت.

زاگرۆس فەتاح بەڕێوەبەری گشتی پرۆژەکان لە وەزارەتی پلاندانان بە کوردستان24ی گوت، کۆی گشتی پرۆژە تەواونەکراوەکانی بودجەی گەشەپێدان گەیشتووەتە هه‌زار و 377 پرۆژە کە سەرجەمی بودجەی پێویستی نزیکەی 472 ملیار دینارە.

گوتیشی:" لە بودجەی پرۆژەی وەزارەتەکان هه‌زار و 216 پرۆژە راوەستاون کە کۆی تێچووی هەموویان نزیکەی پێنج ترلیۆن و 370 ملیار دینارە".

لە بارەی هەندێك لێدوانیشەوە کە ڕەخنەیان لە رێژەی تەرخانکراوی بودجە دەکرد بۆ پارێزگاکان و باسیان لە بێبەشکردنی سلێمانی دەکرد، بەڕێوەبەری گشتی پرۆژەکان ئاماژەی بەوەدا کە بودجەی تەرخانکراو بۆ سلێمانی ئێستا زیاترە لە هەر کاتێکی دیکە و گوتیشی: "سلێمانی 249 ملیار و 458 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە کە دەکاتە 45.1%ی کۆی گشتی پارەی تەرخانکراو لە کاتێکدا بودجەی تەرخانکراو بۆ هەولێر 241 ملیار و 346 ملیۆنە کە دەکاتە 43.6% و بۆ دهۆکیش 61 ملیار و 941 ملیۆن دینارە کە دەکاتە 11.2%".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بە تەواوکردنی سەرجەم ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەی کە ڕێژەی تەواوبوونیان لە 85% زیاترە و بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ئەو پرۆژانەش تەواوبکرێن کە ڕێژەی تەواوکردنیان 75% بووە.

لە بارەی گرینگترین ئەو پرۆژانەی کە بڕیارە بەمزووانە دەست بە تەواوکردنی بکرێت ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "بەم بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆر لە پرۆژەکان دەستپێدەکەنەوە و تەواودەکرێن".

به‌شێك له‌و پرۆژانه‌ بریتین له‌مانه‌:

پارێزگای سلێمانی:

درووستکردنی پرۆژەی سایلۆی کەلار.

تەواوکردنی رێگای رانیە بۆ ژاراوە.

تەواوکردنی ڕێگای کەلار - دەربەندیخان.

تەواوکردنی ڕێگای کەلار - کفری.

تەواوکردنی ڕێگای دوکان بۆ چوارقوڕنە.

تەواوکردنی ڕێگای هەڵەبجە - سەید سادق.

درووستکردنی 3 بەنداو لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

نۆژەنکردنەوەی بەشێك لە بەنداوی دەربەندیخان.

گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ 10 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون.

تەواوکردنی رێگای باشماخ - پێنجوێن.

درووستکردنی هۆڵێکی وەرزشی لە قڕگە.

درووستکردنی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق لە دەربەندیخان.

له‌ پارێزگای هه‌ولێر:

 تەواوکردنی سایلۆی قوشتەپە.

درووستکردنی 5 بەنداو لە هەولێر لەنێویاندا (ئاقوبان و تاڵەبان و نازەنین و شەوگێڕ).

تەواوکردنی تونێلی سەڵاحەدین.

تەواوکردنی شەقامی نەخۆشخانەی پێشمەرگە.

بنیادنانی مەڵبەندی وەرزشی خەلیفان.

تەواوکردنی وێستگەی دابەشکردنی کارەبا لە سۆران.

پارێزگای دهۆك:

سایلۆی بەردەڕەش.

درووستکردنی 3 بەنداو.

نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن لە بەردەڕەش.

چەندین پرۆژەی دیکە.

ئ. م