رووحانی: ته‌نیا سێ رێگه‌مان له‌به‌رده‌مدایه
سبه‌ی یارمه‌تی هه‌ژاران ده‌ده‌ین
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، "حه‌سه‌ن رووحانی"، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (17ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2019) په‌یامێكی ئاراسته‌ی گه‌لی ئێران كرد. تێیدا گوتی: "ناڕه‌زایی یه‌كێكه له مافه‌كانی گه‌لی ئێران، به‌ڵام پێویسته جیاكاری له نێوان ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و كرده‌وه‌ی ئاژاوه‌گێڕی بكرێت".
"رووحانی" جه‌ختیكرده‌وه، "پێویسته رێگه نه‌درێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌قامگیری وڵات بشێوێنرێت".
سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی راشیگه‌یاند، "فه‌رمانی ده‌ركردووه بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، هاوكاری ئه‌و كه‌سانه بكه‌ن، به هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی زیانیان به‌ركه‌وتووه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له سبه‌ی دووشه‌ممه‌وه حكومه‌ت ده‌ست ده‌كات به هاوكاریكردنی توێژی هه‌ژاران".
دووپاتیشیكرده‌وه، "ئامانج له پلانه‌كه، پێشكه‌شكردنی هاوكارییه بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی هه‌ژارن یان ئاستی بژێویان ناوه‌ندییه".
"حه‌سه‌ن رووحانی" له په‌یامه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌شكرد، "حكومه‌ته‌كه‌ی سێ رێگه‌ی له‌به‌رده‌مدایه: باج له سه‌ر تێكڕای خه‌ڵك زیاد بكات، یان نه‌وتی زیاتر بفرۆشێت، یاخود هاوكاری مانگانه له‌و خه‌ڵكه ببڕێت، كه ده‌وڵه‌ت بۆی دابین كردوون".
"رووحانی" گوتیشی: "ناكرێت له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا باج له‌سه‌ر خه‌ڵك زیاتر بكرێت، داهاتی نه‌وتیش كه‌میكردووه، چونكه رێگری له هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران ده‌كرێت. رۆژانه‌ش ئێران پێویستی به 97 ملیۆن لیتر به‌نزین هه‌یه، ئه‌گه‌ر ره‌وشه‌كه وا بڕوات له دوو ساڵی داهاتوودا تاران ده‌بێت به‌نزین هاورده بكات".
په‌یامه‌كه‌ی "رووحانی" له كاتێكدایه، له هه‌ندێك ناوچه‌ی ئێران، به‌شێك له هاووڵاتیان دژی گرانبوونی نرخی سووته‌مه‌نی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و له سه‌ر شه‌قامه‌كان گردبوونه‌وه.