فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئێران لە سووریا
سوپای قودسیان کردووەتەوە ئامانج
K24 – ههولێر:
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند چەندین بنکەی سوپای قودسی ئێرانیان لە سووریا بۆردومان کردووە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەڵامی ئەو مووشەکانەیان داوەتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون و بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەکانیان چەندین بنکەی فەیلەقی قودس و چەکدارانی سەر بە ئێرانیان لە سووریا کردووەتە ئامانج.
سوپای سووریاش لەسەر ئەو هێرشانە بڵاویکردووەتەوە، بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان لە دەروبەری دیمەشق چەند مووشەکێکی ئیسرائیلیان خستووەتە خوارەوە.
لە بارەی زیانی هێرشەکان، ئیسرائیل دەڵێت، چەندین کۆگای چەک، دژە مووشەک و بنکە و بارەگای سەربازییان لەناو بردووە، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە و لە بڵاوکراوەکەی تەنها ئاماژەی بە برینداربوونی چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی و زیان گەیاندن بە چەند ماڵێک داوە.
H.J