خه‌سرۆ گۆران: هه‌ر چاره‌سه‌ریه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور دۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆزتر ده‌كات

"ئه‌سته‌مه‌ جارێكی دیكه‌ له‌ عێراق متمانه‌ به‌كه‌سێكی توندڕه‌و بدرێته‌وه‌"

K24- هه‌ولێر:

تا دێت ململانێ سیاسییەكانی عێراق توندتر دەبن، پەرلەمانی عێراقیش دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی، پەسەند کرد. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: دیار نییە دوای عادل عەبدولمەھدی كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران، بەڵام ھەر كەسێك بێت، دەبێت كورد گفتوگۆكانی لەگەڵ تەواو بكات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عه‌دنان موفتی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر كه‌سێك ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، رووبه‌ڕووی داواكارییه‌كانی خه‌ڵك و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ده‌بێته‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ ئاماده‌بین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ له‌گه‌ڵی ته‌واو بكه‌ین، كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستمان پێكردووه‌.

دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ بۆ قۆناغی كورد یه‌كهه‌ڵوێست بێت و فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غدا به‌ یه‌كده‌نگی داكۆكی له‌ مافه‌كانیان بكه‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ردا خه‌سرۆ گۆران، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: هه‌ر چاره‌سه‌ریه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور كێشه‌ درووست ده‌كات و دۆخی سیاسی ئاڵۆزتر ده‌كات. ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌سه‌ر كورد، پارێزگاریكردنه‌ له‌ یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاری.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، شه‌قامی عێراقی به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نراوه‌، به‌ تایبه‌تیش دوای رووداوه‌كانی خۆپێشاندان و توندوتیژییه‌كان، كه‌ ئه‌سته‌مه‌ جارێكی دیكه‌ متمانه‌ به‌ كه‌سێكی توندڕه‌و یانیش كه‌سێكی دیكه‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ ده‌سه‌ڵات بووه‌.

لە سەردەمی عەبدولمەهدیدا کورد چەند هەنگاوێك لە بەغدا چووە پێشەوە، روونیش نییە دوای عەبدولمەهدی دۆخەکە لە بەرژەوەندی کورد دەبێ یان نا، چونکە تا ئێستا نە جێگرەوەی عەبدولمەهدی دیارە و نە داهاتووی پرۆسەی سیاسیی عێراق.

H.B