ئەمەریكا سەركۆنەی توندوتیژییەكانی عێراق دەكات
داوای لێكۆڵینەوە و سزادان دەكات
K24 - ھەولێر
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی بەكارھێنانی ھێزی لە رادەبەدەر دژی خۆپیشاندەرانی عێراق دەكات و داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلەش لە پێشێلكارییەكان دەكات.
دەیڤد شینكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە "بەكارھێنانی ھێزی لە رادەبەدەر دژ بە خۆپیشاندەران لە رۆژانی رابردوودا لە ناسریە، ترسێنەر و تۆقێنەر بووە".
داواشی لە حكوومەتی عێراق كرد، لێكۆڵینەوە لەو كەسانە بكات و سزایان بدات كە ھەوڵداوە بەو شێوە وەحشیگەرییە وەڵامی خۆپیشاندەرانی ئاشتییانە بدەنەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا لە ئەنجامی تەقەی ھێزە ئەمنییەكان لە ناسریە، 29 كەس كوژران و دەیانی دیكەش بریندار بوون. بەپێی ئامارەكانیش لە مانگی ئۆكتۆبەرەوە زیاتر لە 400 خۆپیشاندەر كوژراون.
