لە بەغدا داوای ئاشكرا كردنی بكوژانی خۆپیشاندەران دەكرێت

چەند پرێك بە رووی خۆپیشاندەران داخراون

K24 - ھەولێر

خۆپیشاندان لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامە و مانگرتنی خوێندكارانیش پێی نایە ھەفتەی چوارەم. یەكێك لە درووشمەكانی ئێستای خۆپیشاندەران ئاشكرا كردنی بكوژان و چاكسازیی ریشەییە.

لە بەغدا ھەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر و خەللانی و نزیك پردی سنەگ ماونەتەوە و داوای ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران و چاكسازی ریشەیی دەكەن. ھەروەھا چەند خاڵێكی ئەمنی لە بەغدا لەلایەن میلیشیاكانی سەرایا سەلامی موقتەدا سەدر دروستكراون بۆ چاودێریكردنی خۆپیشاندەران. سێ پردی سەرەكی بەغداش بە رووی خۆپیشاندەران داخراون بۆ ئەوەی نەگەنە ناوچەی سەوز.

لە شارەكانی ناسریە و حیللە و دیوانیە و كوت و نەجەفیش ھێزە ئەمنییەكان رێكاری توندیان گرتووەتە بەر بۆ رێگریكردن لە ئاڵۆزبوونی خۆپیشاندانەكان. حكوومەتی خۆجێی ناسریە دەوامی فەرمیی بۆ دوو رۆژی دیكە راگرت. ھەروەھا خۆپیشاندەران دەرگای زانكۆی كەربەلایان داخستووە.

Fly Erbil Advertisment